هەرێم نیوز
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، ئەگەری زۆرە لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا گەڕێکی نوێی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان دەستپێ بکاتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی 4ـی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پەیامنێری ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست لە ئیسلام ئاباد ڕایگەیاندووە، پێویستە لە پاکستان بمێننەوە چونکە ئەگەری هەیە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا شتێک ڕووبدات. ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەوان زیاتر مەیلیان بۆ ئەوە هەیە بچنە ئەوێ.
سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکەدا ستایشی عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستانی کرد و بە کەسێکی ناوازە وەسفی کرد. ترەمپ جەختی لەسەر پێگەی پاکستان وەک شوێنی دانوستانەکان کردەوە و ڕایگەیاند، فەرماندەی سوپای پاکستان کارێکی گەورە دەکات و زۆر ئەگەر هەیە بگەڕێنەوە ئەوێ. ئەم لێدوانانە ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ ئەوەی واشنتن بژاردەی وڵاتانی ئەوروپی وەک سویسرا، نەمسا و تورکیای ڕەت کردووەتەوە و دەیەوێت لەژێر سایەی متمانەی بە سەرکردایەتیی سەربازیی پاکستان، گەڕێکی دیکەی گفتوگۆ ڕاستەوخۆکان لەگەڵ تاران ئەنجام بدات.
پێشتر و لە ڕۆژی یەکشەممە، 12ـی 4ـی 2026، جەی دی ڤانس، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو، کە شاندەکانی واشنتن و تاران بۆ ماوەی 21 کاتژمێر دانوستانیان کردووە، بەڵام نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک کە جێگەی ڕەزامەندی هەردوولا بێت.
واشنتن هیوادارە پێش کۆتاییهاتنی وادەی ئاگربەست لە 21ـی 4ـی 2026، لەگەڵ تاران بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی.