هەرێم نیوز
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕایدەگەیەنێت، کە لەگەڵ سەرۆکەکانی ئەمریکا و ئێران قسەی کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان، هاوکات کۆشکی ئەلیزێش ئاشکرای دەکات کە فەرەنسا و بەریتانیا کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتی بۆ پێکهێنانی هێزێکی بەرگری لە گەرووی هورمز ڕێکدەخەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی 4ـی 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە لێدوانێکی بەپەلەدا ڕایگەیاند، کە پەیوەندیی بە هەریەک لە سەرۆکەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کردووە، و داوای لێ کردوون دانوستانەکانیان دەست پێ بکەنەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان لە ناوچەکەدا بکرێت.
لە لایەکی دیکەوە، کۆشکی ئەلیزێ (سەرۆکایەتیی فەرەنسا) لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە ڕۆژی هەینیی داهاتوو، فەرەنسا و بەریتانیا میوانداریی کۆبوونەوەیەکی ڤیدیۆیی دەکەن، بە بەشداریی سەرجەم ئەو وڵاتانەی کە ئامادەن بەشداری لە "ئەرکێکی تەنیا بەرگری" بکەن بۆ دابینکردنی ئاسایشی گەرووی هورمز.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو کۆبوونەوەیە بە سەرۆکایەتیی هاوبەشی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بەڕێوە دەچێت. ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکەش تاوتوێکردنی پلانێکە بۆ "گەڕاندنەوەی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز"، ئەوەش لە ئەگەری ڕەخساندن و دابینکردنی بارودۆخی ئەمنیی گونجاو لەو ڕێڕەوە ئاوییەدا.