هەرێم نیوز
سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا ڕایدەگەیەنێت، کە وڵاتەکەی چین بە سەرەکیترین لایەنی نێودەوڵەتی دەبینێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران و قەیرانی گەرووی هورمز، هاوکات هەڵوێستە توندەکانی وڵاتەکەشی دژی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دووپات دەکاتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی 4ـی 2026، پێدرۆ سانچێز، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین لە پەکین، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، کە زۆر قورسە جگە لە چین هیچ لایەنێکی دیکە بدۆزرێتەوە کە بتوانێت ئەو دۆخە چارەسەر بکات کە لە ئێران و گەرووی هورمز دروست بووە.
سانچێز ئاماژەی بەوەش کردووە، کە چین دەتوانێت ڕۆڵی سەرەکی بگێڕێت لە کۆتاییهێنان بە ململانێکانی دیکەی جیهانیش، لەنێویاندا جەنگی ئۆکرانیا. بەپێی شیکارییەکان، ئەم لێدوانانەی سانچێز گرنگییەکی زۆریان هەیە، چونکە دەریدەخەن کە ئیسپانیا وەک وڵاتێکی ئەورووپی، چین کە ڕکابەری سەرەکیی ئەمریکایە، بە یاریزانێکی گرنگ دەزانێت بۆ هێنانەدی ئاشتی، ئەمەش خزمەت بە هەوڵەکانی پەکین دەکات بۆ نیشاندانی خۆی وەک ئاشتیپارێزێک لە ناوچەکەدا.
ئەمەش لەکاتێکدایە، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا یەکێکە لە دیارترین و توندترین ڕەخنەگرەکانی ئەورووپا لەو جەنگەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرپایان کردووە. لەو چوارچێوەیەشدا، حکوومەتی مەدرید ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەکانی ئەمریکادا داخستووە کە لەو جەنگەدا بەکاردەهێنرێن، هەروەها ڕێگری لە ئەمریکا کردووە کە بنکە سەربازییە هاوبەشەکانیان لە باشووری ئیسپانیا بۆ هیچ کارێک بەکاربهێنێت کە پەیوەندیی بەو ململانێیەوە هەبێت.