هەرێم نیوز
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تاران هەر هێرشێک بۆ سەر ژێرخانەکانی وڵاتەکەی، بە ئاراستەکردنی هێرشی هاوشێوە بۆ سەر دامەزراوەکانی ئەمریکا یان ئەو شوێنانەی سەر بەو وڵاتەن، وەڵام دەداتەوە.
ئەم پەیامەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەک وەڵامێکی ڕاستەوخۆ دێت بۆ لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە ڕۆژی سێشەممەی داهاتووی وەک "ڕۆژی وێستگەکانی کارەبا و ڕۆژی پردەکان" لە ئێران دیاری کردبوو بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشاڵ" ڕایگەیاندبوو، کە دوا مۆڵەتی بۆ هێرشە قورسەکان بۆ سەر ئێران کۆتایی هاتووە. ترەمپ نووسیبووی: "سێشەممە لە ئێران، ڕۆژی وێستگەی کارەبا و ڕۆژی پردەکان دەبێت، هەمووی لە یەک ڕۆژدا."
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوەش کردووەتەوە، ئەگەر تاران ئامادە نەبێت بۆ ڕێککەوتن، ئەوا فەرمانی تێکشکاندنی هەموو شتێک لەو وڵاتەدا دەردەکات.