هەرێم نیوز
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت، کە هێزەکانی وڵاتەکەی گورزێکی قورسیان لە کەرتی پترۆکیمیا و پیشەسازیی پۆڵای ئێران وەشاندووە، و جەختیش دەکاتەوە کە ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ بڕینی سەرچاوە داراییەکانی سوپای پاسداران بەردەوام دەبن.
ئەمڕۆ شەممە 4ی نیسانی 2026، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند، کە هێزەکانیان هێرشیان کردووەتە سەر ژێرخانی ئابووری و پیشەسازیی ئێران، و جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە پەکخستنی سەرچاوەکانی ئەو وڵاتە.
نەتانیاهۆ لە پەیامەکەیدا ئاشکرای کرد، کە دوای ئەوەی پێشتر توانیویانە 70%ی توانای بەرهەمهێنانی پۆڵا لە ئێران تێکبشکێنن کە وەک کەرەستەی خاو بۆ دروستکردنی چەک بەکاردەهێنرا، لە نوێترین هەنگاودا هێرشیان کردووەتە سەر کارگە پترۆکیمیاییەکانی ئەو وڵاتە.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وێستگە پترۆکیمیاییەکان و پیشەسازیی پۆڵای وەک سەرچاوەی پەیداکردنی داهات بۆ تاران وەسف کرد، و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم دوو کەرتە سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی بودجەی جەنگی ئێرانن. هەروەها ڕوونیکردەوە، کە پەکخستنی ئەم دامەزراوانە بەشێکە لە ستراتیژیی بڕینی سەرچاوە داراییەکانی سوپای پاسداران.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، نەتانیاهۆ جەختی لەسەر بەڵێنەکەی بۆ هاووڵاتییانی ئیسرائیل کردەوە و ڕایگەیاند، کە بەردەوام دەبن لە تێکشکاندنی تواناکانی ئێران تا ئەو کاتەی دەگەنە ئامانجە کۆتاییەکانیان.