دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

شاخەوان عەبدوڵا مەرجی لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران ئاشکرا دەکات

هەرێم نیوز

شاخەوان عەبدوڵا سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت کە زۆربەی لایەنەکان بڕیاریان داوە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران پێکەوە بێت و ئاشکراشی دەکات کە حکومەتی عێراق بەتەواوی دەزانێت کێ لە پشت هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستانەوەیە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 29ی ئاداری 2026 شاخەوان عەبدوڵا سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق زانیاریی نوێی خستە ڕوو و باسی لەوە کرد کە داوایەک هەیە بۆ ئەوەی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەڕێوە بچێت بەڵام ئەم بابەتە تەنیا پرسی سەرۆککۆمار نییە بەڵکو پرسی سەرۆکوەزیرانیشە و دوێنێ لە ڕێگەی ڤیدیۆکۆڵەوە زیاتر لە 3 کۆبوونەوەیان ئەنجام داوە لەگەڵ زۆرێک لە هێزە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی عێراق.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە دیدگایان وابووە لەم دۆخەدا هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران زۆر گرنگترە لە سەرۆککۆمار و ئەگەر ئەوان دەیانەوێت سەرۆکوەزیرانێک هەبێت شەرعیەتی هەبێت و دەسەڵاتی زیاتر بێت دەبێت سەرۆکوەزیران هەڵبژێردرێت بۆیە لای زۆربەی هێزە سیاسییەکان وا بڕیار دراوە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران بەیەکەوە بێت واتە ڕێککەوتنی سیاسی لەسەر سەرۆکوەزیران بکرێت و لەسەر سەرۆککۆماریش بکرێت بەپێچەوانەوە ئەگەر دانیشتنەکە بەتەنیا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بێت سەرکەوتوو نابێت و ڕەنگدانەوەکەشی خراپ دەبێت.

سەبارەت بە هێرشەکانیش سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی جەختی لەوە کردووەتەوە کە حکومەتی عێراق باش دەزانێت ئەوانی درۆن دەنێرن بۆ هەرێمی کوردستان کێن چونکە پارساڵ کە هێرش کرایە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی هەرێم لیژنەیەکی هاوبەشی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم پێکهێنرا و هەموو ئەو هێزانەی کە لە پشت بەئامانجگرتنی هەرێمی کوردستان بوون دەستنیشان کران بەڵام هیچیان پێ نەوترا چونکە ئەوانە هێزێکن کە خۆیان پێ لە حکومەتی عێراق گەورەترە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP