هەرێم نیوز
تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی نوێترین ڕاپۆرتی لەسەر هێرشەکانی یەک مانگی ڕابردوو بۆ سەر هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە 474 هێرش ئەنجام دراون و 107 کەسیش بوونەتە قوربانی.
هەر لەگەڵ دەستپێکی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە هاوپەیوەندەکانی لە عێراق دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر کونسوڵخانە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا و کامپ و بارەگاکانی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان و بارەگاکانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کێڵگە نەوتییەکان و ستوونی هێڵەکانی پەیوەندیکردن و باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون و شوێنە گشتییەکان و چەند دامەزراوەیەکی ناحکومی و لەم چوارچێوەیەشدا تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی تەواوی هێرشەکانی سوپای پاسداران و گرووپە هاوپەیوەندەکانی لە عێراقدا بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عێراق و کاریگەرییان لەسەر هاووڵاتییانی مەدەنی تۆمار کردووە و ڕاستاندنی بۆ هێرشەکان کردووە.
لە یەک مانگی شەڕەکەدا 474 هێرش بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجام دراون کە سوپای پاسدارانی ئێران 179 هێرش و گرووپە هاوپەیوەندەکانی لە عێراق 295 هێرشیان ئەنجام داوە و لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەشەوە 107 کەس بوونەتە قوربانی کە 14 کوژراو و 93 بریندارن.
زۆرینەی هێرشەکان بۆ سەر پارێزگای هەولێر بوون کە ژمارەیان 370 هێرش بووە کە ئەمەش ڕێژەی 78.06٪ی هێرشەکان پێکدەهێنێت و 90 هێرشیش بۆ سەر پارێزگای سلێمانی بووە کە ڕێژەی 18.99٪ی هێرشەکان پێکدەهێنێت و پارێزگای دهۆکیش بە ڕێژەی 2.32٪ هێرشی کراوەتە سەر کە 11 هێرش بووە و پارێزگای هەڵەبجەش کەمترین هێرشی تێدا تۆمار کراوە کە تەنیا 3 هێرش بووە و بە ڕێژەی 0.63٪ هێرشی کراوەتە سەر.
ئەگەرچی سوپای پاسدارانی ئیران و گرووپە هاوپەیوەندەکانی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە هێرشەکانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا و دامەزراوە هەواڵگرییەکان و گرووپە شەڕکەرەکان بە ئامانج گیراون بەڵام بەپێی چاودێریی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی لەپاڵ کونسوڵخانە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا و حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان چەندین شوێنی نیشتەجێبوون و دامەزراوەی مەدەنی و ئەمنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامانج گیراون کە هیچ پەیوەندییەکیان بە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران نەبووە و لە یەک مانگی جەنگەکەدا کونسوڵخانەی ئەمریکا و بارەگا سەربازییەکانی لە هەرێمی کوردستان 181 جار بە ئامانج گیراون کە ئەمەش ڕێژەی 38.19٪ی هێرشەکان پێکدەهێنێت و حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان 121 جار هێرشیان کراوەتە سەر کە ئەمەش ڕێژەی 25.53٪ی هێرشەکان پێکدەهێنێت و شوێنە مەدەنی نشینەکان و دامەزراوە مەدەنییەکان و بارەگاکانی وەزارەتی پێشمەرگەش کە لایەنی بەشدار نین لەم شەڕە 172 هێرشیان کراوەتە سەر کە ئەمەش ڕێژەی 36.29٪ی هێرشەکان پێکدەهێنێت.
بەپێی چاودێریی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی زۆرینەی هێرشەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆک لەلایەن گرووپە میلیشیا و هاوپەیوەندەکانی ئێران لە عێراقدا ئەنجام دراون ئەمە لە کاتێکدا زۆرینەی هێرشەکانی سەر پارێزگای سلێمانی ڕاستەوخۆ لەلایەن سوپای پاسدارانەوە ئەنجام دراون و لە کۆی 474 هێرش 359 هێرشیان لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژەوە ئەنجام دراون کە ڕێژەی 75.74٪ پێکدەهێنێت و 104 هێرشی تریان لە ڕێگەی مووشەکەوە بووە کە ڕێژەی 21.94٪ی هێرشەکان پێکدەهێنێت و 10 هێرشیش لە ڕێگەی تۆپبارانەوە بووە کە ڕێژەی 2.11٪ پێکدەهێنێت و یەک ڕووداوی تەقەکردنیش هەبووە کە ڕێژەی 0.21٪ی هێرشەکانە و لەو هێرشانەی کە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان 228 هێرشیان لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانی یاخود تەقەکردنەوە پووچەڵ کراونەتەوە یاخود بەر لە پێکانی ئامانجەکانیان کەوتوونەتە خوارەوە کە ئەمەش بە واتای ئەوە دێت ڕێژەی 60.76٪ی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوان و مووشەکانەی کە ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون بەر لە پێکانی ئامانجەکانیان خراونەتە خوارەوە یاخود خۆیان کەوتوونەتە خوارەوە.
لە 28ی شوباتی 2026ەوە تاوەکو 28ی ئاداری 2026 بەهۆی هێرشەکانەوە 104 کەس بوونەتە قوربانی کە 14 کوژراو و 90 بریندارن بەڵام لە سەرەتای شەڕەکەوە تاوەکو ئێستا 107 کەس بوونەتە قوربانی کە 14 کوژراو و 93 بریندارن کە لەو ژمارەیە 19 کەسیان خەڵکی مەدەنی بوون و هەموویان بریندار بوون.
سەرباری زیانی گیانی بەهۆی هێرشەکانەوە بەلایەنی کەمەوە زیان بەر 46 خانووی هاووڵاتیی مەدەنی کەوتووە و 32 ئۆتۆمبێلی خەڵکی مەدەنیش زیانیان بەرکەوتووە و مەترسیی هێرشەکانیش بووەتە هۆی وەستاندنی خوێندن لە قوتابخانە و خوێندنگا و پەیمانگا و زانکۆکان.
تیمی کوردستانی عێراقی سی پی تی بە نیگەرانیی قووڵەوە لە گۆڕانکارییەکانی ئەم جەنگە دەڕوانێت و بەئامانجگرتنی شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانی مەدەنی و ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە فەرمی و مەدەنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا بازرگانییەکان بە مەترسی دەزانێت لەسەر فراوانتربوونی شەڕەکە و کاریگەرییەکانی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان.
سەرباری سەرکۆنەکردنی هێرشی هەموو لایەنە بەشدارەکانی ئەم شەڕە تیمی کوردستانی عێراقی سی پی تی داوای کۆتاییهاتنی ئەم جەنگە و هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکات و پێویستە ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی پارێزراو بێت و خەڵکانی زەرەرمەند بەزووترین کات قەرەبوو بکرێنەوە و لەسەر حکومەتی عێراقیش پێویستە کە لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە هەوڵی پاراستنی هەرێمی کوردستان و عێراق بدات و هەموو ئەو گرووپ و لایەنانەی کە لە ناوخۆی عێراقەوە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان بەرپرسیار بکات.