هەرێم نیوز
نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، هێرشەکانی سەر ماڵی مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی بە "کردەوەی تاوانکاری و قبوڵنەکراو" وەسف دەکات؛ هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا میلیشیاکانی سەر بە ئێران بە ئەنجامدانی هێرشەکان تۆمەتبار دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 29ی 3ی 2026، نوری مالیکی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات کە سەرکردەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووەتە ئامانج. مالیکی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم جۆرە کردەوانە تەنیا کەسایەتییەکان ناکەنە ئامانج، بەڵکو دەبنە هۆی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی گشتیی عێراق و لاوازکردنی یەکێتیی نیشتمانی.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بە توندی هێرشەکانی سەر شاری دهۆکی سەرکۆنە کرد و بە "تیرۆریستی و قێزەون" ناوی بردن. واشنتۆن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ "میلیشیا تیرۆریستییەکانی بریکاری ئێران لە عێراق"ی بە بەرپرسیاری هێرشەکان زانی و ڕایگەیاند، ئەمە پەلامارێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەروەری و یەکگرتوویی خاکی عێراق.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە کە ئەم کردەوە "ترسنۆکانە و هەڕەمەکییانەی" ئێران و بریکارەکانی لە هەرێمی کوردستان و سەرانسەری عێراق بە تەواوی ڕەتدەکەنەوە.
دوێنێ شەممە، لە ڕێگەی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشکرایە سەر شاری دهۆک، کە یەکێکیان ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی لەو شارە کردە ئامانج. ئەم ڕووداوە کاردانەوەی فراوانی لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا لێکەوتووەتەوە و مەترسییەکانی پەرەسەندنی ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی زیاتر کردووە