دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

ئیمانوێل ماکرۆن بە زمانی کوردی پەیامێک بڵاودەکاتەوە و پشتگیریی نێچیرڤان بارزانی دەکات

هەرێم نیوز

دوای هێرشکردنە سەر ماڵەکەی لە دهۆک ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەرەنسا پشتیوانیی خۆی بۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەربڕی و جەختی لە پاراستنی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان کردەوە کاتێک ئەمڕۆ شەممە بیست و هەشتی ئاداری دوو هەزار و بیست و شەش لە هەژماری فەرمیی خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس بە زمانی کوردی ڕایگەیاند کە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێم کردووە.

سەرۆکی فەرەنسا سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە بەیانیی ئەمڕۆ کرایە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک و بە کارێکی قبووڵنەکراو وەسفی کرد.

ماکرۆن ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم پەرەسەندنانە جێگەی نیگەرانیی قووڵن و لە هەمان کاتدا سەرەخۆشیی خۆی بۆ شەهیدبوونی شەش پێشمەرگە لەم هەفتەیەدا گەیاندە سەرۆکی هەرێمی کوردستان.

سەرۆککۆماری فەرەنسا جەختی لەوە کردەوە کە سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان لە نێویدا بۆ سەقامگیریی ناوچەکە زۆر پێویستن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ماکرۆن باسی لەوە کرد کە دەبێت هەموو هەوڵێک بدرێت تاوەکو ڕێگری بکرێت لەوەی عێراق پەلکێشی ناو ئەو ئاڵۆزی و پەرەسەندنە سەربازییانە بکرێت کە ئێستا لە ناوچەکەدا هەن و دووپاتی کردەوە کە فەرەنسا لە پاڵ هاوبەشە عێراقییەکانیدا دەمێنێتەوە.

ئەم هێرشە بۆ سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک لە کاتێکدایە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە دۆخێکی یەکجار ئاڵۆزدایە.

پێشتریش لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو بیست و چواری ئادار هێرشێکی مووشەکیی بالیستی لە سنووری خەلیفانی هەولێر بووە هۆی شەهیدبوونی شەش پێشمەرگە کە هەرێمی کوردستان تارانی بە ئەنجامدانی ئەو کارە تۆمەتبار کرد.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP