هەرێم نیوز
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە کە ئەمڕۆ سەرۆکی فەرەنسا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە و تێیدا سەرکۆنەی هێرشەکەی دهۆکی کردووە.
ئەمڕۆ شەممە 28ی ئاداری 2026 نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنساوە پێگەیشت و تێیدا ماکرۆن بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەی کرد کە کرایە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێم لە شاری دهۆک و پشتگیریی بەردەوامی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دووپات کردەوە.
هەروەها ماکرۆن پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی و خانەوادەی ئەو پێشمەرگانە کرد کە لە بیست و چواری ئەم مانگەدا لە هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر سۆران شەهید بوون و هیوای زوو چاکبوونەوەشی بۆ برینداران خواست.
لای خۆیەوە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پەیوەندییەکەی سەرۆک ماکرۆنی کرد و پێزانینی خۆی بۆ پشتگیریی بەردەوامی فەرەنسا و هەڵوێستە نێودەوڵەتییەکانی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی.
لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا هەردوولا دوایین پێشهاتەکانی شەڕ و لێکەوتەکانیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان کردەوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.