دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

سوودانی و نێچیرڤان بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا

هەرێم نیوز

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر ماڵەکەی لە دهۆک کرد و فەرمانی بە پێکهێنانی تیمێکی هاوبەشی ئەمنی بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە کرد.

ئەمڕۆ شەممە 28ی 3ی 2026، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکەی تاوتوێ کرد. سوودانی لە میانی پەیوەندییەکەدا، سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە کرایە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای دهۆک و بە "دڕندانە" وەسفی کرد.

سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی بە پێکهێنانی تیمێکی هاوبەشی ئەمنی و تەکنیکی لەنێوان دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد. ئامانجی ئەم تیمە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی وردە بۆ دەستنیشانکردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکە و گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکان بەرامبەریان.

سوودانی لە نامەکەیدا ستایشی هەڵوێستە نیشتمانییەکانی نێچیرڤان بارزانی کرد و پابەندیی حکومەتی دووپاتکردەوە بۆ ڕێگریکردن لە هەر لایەنێکی لە یاسا دەرچوو، چ ناوچەیی بێت یان نێودەوڵەتی، کە بیەوێت عێراق ڕابکێشێتە ناو ململانێکانی ناوچەکە. جەختیشی کردەوە کە هەموو هەوڵێک دەخەنە گەڕ بۆ دەستەبەرکردنی سەروەری و ئاسایشی وڵات لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەکاندا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP