هەرێم نیوز
مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت (G7) لە فەڕەنسا، وردەکاریی نوێی لەبارەی ئاییندەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و دانوستانەکان لەگەڵ تاران ئاشکرا کرد.
ڕۆبیۆ مژدەی کۆتاییهاتنی خێرای هێرشەکانی دا و جەختی لە چەند خاڵێک کردەوە:
• چەند هەفتەیەک نەک چەند مانگ: پێشبینی دەکرێت ئۆپەراسیۆنەکان لە ماوەی چەند هەفتەیەکی کەمدا بگەنە ئامانجە ستراتیژییەکانیان.
• بەبێ هێزی زەمینی: سوپای ئەمریکا توانای هەیە هەموو ئامانجەکان بپێکێت بەبێ ئەوەی پێویستی بە ناردنی سەرباز بێت بۆ ناو خاکی ئێران.
سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد:
• پەیام لە نێوان واشنتن و تاران ئاڵوگۆڕ کراوە و لایەنی ئێرانی ئارەزووی بۆ گفتوگۆ نیشانداوە.
• تا ئێستا تاران وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی سەبارەت بە "پلانی ئاشتیی ئەمریکا" نەداوەتەوە.
• ڕۆبیۆ جەختی کردەوە کە پشتیوانییەکانی ڕووسیا بۆ ئێران نابنە هیچ ئاستەنگییەک لەبەردەم پلانە سەربازییەکانی ئەمریکا.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە توندی هێرشی کردە سەر ڕەفتارەکانی تاران و ڕایگەیاند:
• مەترسیی ئەتۆمی: "شێتییەکی تەواوە" ڕێگە بدرێت لایەنێک کە هێرش دەکاتە سەر باڵیۆزخانە و هۆتێلەکان ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، چونکە دەبێتە هەڕەشە بۆ تەواوی جیهان.
• گەرووی هورمز: داوای لە وڵاتانی جیهان کرد یەکدەنگ بن دژی ئەو "سەرانەوەرگرتنەی" تاران دەیەوێت بەسەر بازرگانیی جیهانیدا بیسەپێنێت لەو گەرووە ستراتیژییەدا.