دواین هەواڵ

جیهان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

سعوودیە و ئۆکرانیا ڕێککەوتننامەیەکی بەرگریی ئاسمانیی ستراتیژییان واژۆ کرد

هەرێم نیوز

ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا (AFP) لە زاری دوو بەرپرسی باڵای سعوودیەوە بڵاوی کردەوە، کیێڤ و ڕیاز ڕێککەوتننامەیەکی سەربازییان بۆ پەرەپێدانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی واژۆ کردووە.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە وڵاتانی ناوچەکە ڕووبەڕووی شەپۆلێکی چڕی هێرشە درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوونەتەوە.

ڕێککەوتنەکە لە میانی سەردانەکەی ڤلادیمێر زێلێنسکی، سەرۆککۆماری ئۆکرانیا بۆ سعوودیە و کۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشین واژۆ کراوە.

بەپێی زانیارییەکان، ئەم هەماهەنگییە تەنیا گۆڕینەوەی مووشەکی بەرگری نییە، بەڵکو بونیادنانی سیستەمێکی تەواوکارییە کە تێیدا سوود لە ئەزموونی مەیدانیی ئۆکرانیا و ژیریی دەستکرد (AI) وەردەگیرێت بۆ بەرپەرچدانەوەی درۆنە خۆکوژییەکانی "شاهید" و جۆرەکانی تری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.

زێلێنسکی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دووپاتی کردەوە کە گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی "زۆر گرنگ" و ئاماژەی بەوە کرد ئۆکرانیا ئامادەیە پسپۆڕی و سیستەمە پێشکەوتووەکانی خۆی پێشکەش بە سعوودیە بکات.

هەروەها وتیشی: "سعوودیەش خاوەنی هەندێک توانایە کە جێگەی بایەخی ئۆکرانیان و ئەم هاوکارییە دەبێتە هۆی سوودی هاوبەش بۆ هەردوولا."

ئەم هاوپەیمانییە سەربازییە نوێیەی نێوان ڕیاز و کیێڤ، وەک وەڵامێکی تەکنیکی و ستراتیژی دەبینرێت بۆ ئەو هەڕەشە درۆنییانەی کە لەم دواییانەدا ئاسایشی وزە و ژێرخانی وڵاتانی کەنداویان خستووەتە مەترسییەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP