هەرێم نیوز
کۆشکی سپی رایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی ئێران خێراتر لەوەی پێشبینی دەکرا بەرەوپێش دەچن. بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی واشنتۆن، کاتی دیاریکراو بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە لە نێوان چوار بۆ شەش هەفتە خەمڵێنرابوو، بەڵام ئێستا سوپای ئەمریکا لە پێش تەواوی بەرنامەکانییەوەیە و خەریکی پەکخستنی تەواوەتی تواناکانی تارانە.
لە راپۆرتە نوێیەکەدا هاتووە کە زیاتر لە 140 کەرەستەی دەریایی سوپای ئێران تێکشکێنراون، کە 50 دانەیان ئەو جۆرە بەلەمانە بوون کە بۆ چاندنی مین لە دەریا بەکاردەهێنران. وتەبێژی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کرد کە ئیدارەی ترەمپ کار بۆ ئەوە دەکات رێگەی چوونە دەرەوە لەم قەیرانە بۆ تاران داببڕێت و رێگە نەدات چیتر هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە بکەن.
کۆشکی سپی جەختی کردەوە کە هەرچەندە دۆناڵد تڕەمپ هەمیشە ئاشتی وەک بژاردەی یەکەم دەبینێت، بەڵام ئەگەر ئێرانییەکان تێنەگەن کە لەم شەڕەدا شکستیان هێناوە، ئەوا رووبەڕووی "دۆزەخێکی" راستەقینە دەبنەوە. هۆشداری ئەوەش درا کە ترەمپ هەڕەشەی بێ کردار ناکات و ئامادەیە بە هێزێکی زۆر گەورەتر لەوەی ئێستا هەیە، گورزی کوشندە لە ئێران بوەشێنێت.
ئەم لێدوانانەی کۆشکی سپی دوای ئەوە دێن کە ئەمریکا رایگەیاندووە تاران خەریکی گەڕانە بەدوای دەرچەیەکدا بۆ رزگاربوون لەم فشارە سەربازییە توندە. واشنتۆن پێداگری دەکات کە تەنها رێگە بۆ وەستاندنی وێرانی زیاتر، داننانە بە شکستی سەربازی لە لایەن بەرپرسانی ئێرانەوە.