هەرێم نیوز
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییەکی توند دەدات کە جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆنترۆڵ دەرچووە و دەبێت گفتوگۆکانی ئاشتی سەربکەون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی ئازاری 2026 ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیامێکی فەرمیی لەسەر دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەیدا گۆتێرێش ئاماژەی بەوە کردووە کە شەڕ چارەسەر نییە و دیپلۆماسی و ڕێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و ئاشتی تاکە ڕێگەی دەربازبوونن لەم دۆخە.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە دوای زیاتر لە سێ هەفتە جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتەواوی لە کۆنترۆڵ دەرچووە و داوا لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات دەستبەجێ کۆتایی پێ بهێنن.
هەروەها داوای لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە هێرشەکانی بۆ سەر دراوسێکانی ڕابگرێت کە بە هیچ شێوەیەک لایەنی ململانێکان نین.
گۆتێرێش ئاشکرای کردووە کە چەند دەستپێشخەرییەکی گفتوگۆ و ئاشتی لە ئارادان و جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت ئەو هەوڵانە سەرکەوتوو بن.
ناوبراو ڕوونی کردووەتەوە کە لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە پەیوەندیدان و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی نێوەندگیری بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.
لە بڕیارێکی گرنگیشدا سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ژان ئەرنۆی دیپلۆماتکاری فەرەنسیی وەک نێردەی تایبەتی خۆی بۆ ململانێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاری کردووە.
سەبارەت بە لێکەوتەکانی جەنگەکەش گۆتێرێش هۆشداریی داوە کە داخستنی گەرووی هورمز ڕۆیشتنی نەوت و غاز و پەین لەسەر ئاستی جیهان دەخنکێنێت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا باسی لەوە کردووە کە بازاڕە جیهانییەکان لە گێژاودان و کارە مرۆییەکان ئاستەنگیان بۆ دروست بووە و هەژارانیش قورسایی شەڕەکە لە ئەستۆ دەگرن.