دواین هەواڵ

جیهان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

بەریتانیا لووتکەیەکی ئەمنی بۆ پاراستنی گەرووی هورمز رێک دەخات

هەرێم نیوز

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە زاری بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیاوە ئاشکرای کردووە بەم زووانە لەندەن میوانداریی لووتکەیەکی باڵای ئەمنی دەکات بە مەبەستی پاراستن و کردنەوەی گەرووی هورمز.

بەگوێرەی زانیارییەکان لووتکە ئەمنییەکە لە شاری پۆرتسماوسی بەریتانیا بەڕێوە دەچێت و تێیدا سەرۆکەرکان و فەرماندە باڵاکانی چەند وڵاتێک بەشدار دەبن.

ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نوێیە بۆ پاراستنی ڕێڕەوی دەریاوانی لە گەرووی هورمز.

بۆ ئەم مەبەستەش بەرپرسانی بەریتانیا پەیوەندییان بە فەرماندە سەربازییەکانی چەندین وڵاتەوە کردووە بۆ بەشداریکردن لە لووتکەکەدا.

ئەم هەوڵانەی بەریتانیا لە کاتێکدان پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا نەیتوانی هاوپەیمانییەکی تایبەت بە گەرووی هورمز دروست بکات و زۆرینەی وڵاتانی جیهان ڕەتیان کردەوە هێز بنێرنە ناوچەکە.

گەرووی هورمز بە شادەماری وزەی جیهان دادەنرێت و لە سەدا بیستی نەوت و غازی پێدا تێدەپەڕێت.

لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران لە بیست و هەشتی شوباتەوە تاران بڕیاری داخستنی گەرووەکەی داوە.

ئەم داخستنە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەکانی جیهاندا.

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ماوەی چل و هەشت کاتژمێر مۆڵەتی بە ئێران دابوو گەرووەکە بکاتەوە ئەگەرنا هێرش دەکەنە سەر ژێرخانی وزەی وڵاتەکە.

بەڵام دواتر مۆڵەتەکەی تاوەکو ڕۆژی شەممەی داهاتوو بیست و هەشتی ئادار درێژ کردەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP