هەرێم نیوز
ئیمانوێل ماکڕۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا هۆشداریی توندی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی عێراق کرد و جەختی لەسەر پێویستیی کۆنترۆڵکردنی ئەو گرووپە چەکدارانە کردەوە کە هێرش دەکەنە سەر نێردە دیپلۆماسییەکان و هێزە نێودەوڵەتییەکان.
سەرۆکی فەڕەنسا دووپاتی کردەوە کە پێویستە حکومەتی عێراق بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەستۆ بگرێت و ڕووبەڕووی ئەو میلیشیایانە ببێتەوە کە ئاسایشی وڵات و نێردە بیانییەکان دەخەنە مەترسییەوە. ماکڕۆن بە توندی ئاماژەی بەوە کرد: "میلیشیاکانی عێراق دەستیان بە خوێنی سەربازەکانمان سوور بووە و چیتر قبوڵکراو نییە بەبێ سزا بەردەوام بن لە هێرشەکانیان".
ماکڕۆن هۆشداریی دا لەوەی کە تێوەگلانی عێراق لە جەنگی ئێستا زیانی گەورە بە ناوچەکە دەگەیەنێت و وتی: "پێویستە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ ئەوەی عێراق تێکەڵی ئەم جەنگە نەکرێت، چونکە سەقامگیریی عێراق بەشێکی سەرەکییە لە ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست."
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، سەرۆکی فەڕەنسا تیشکی خستە سەر ئاسایشی وزەی جیهانی و داوای کرد دەستبەجێ گەرووی هورمز بە ڕووی کەشتیوانیی نێودەوڵەتیدا بکرێتەوە. ماکڕۆن ڕایگەیاند: "کاردەکەین بۆ ئەوەی بازاڕی وزەی جیهانی لەم قەیرانە گەورانە ڕزگار بکەین کە بەهۆی ئاڵۆزییە سەربازییەکانەوە دروست بووە."