هەرێم نیوز
حسێن یەزدان پەنا، سەرۆکی پارتی ئازادی کوردستان (پاک)، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ بەشی فارسی "بی بی سی"، تیشکی خستە سەر ئامادەکارییەکانی ئۆپۆزسیۆنی کورد بۆ قۆناغی داهاتوو و جەختی لە پێویستیی پاراستنی ئاسمانیی ناوچەکە کردەوە.
سەرۆکی (پاک) ئاماژەی بەوە دا کە بۆ هەر جووڵەیەکی سەربازی، پێویستیان بە پاراستنی ئاسمانی و ڕاگەیاندنی "ناوچەی دژەفڕین" هەیە. یەزدان پەنا وتی: "ڕژێمی ئێران زۆر توندوتیژە و ئێمە لە ڕووی سەربازییەوە نایەکسانین؛ باشترین چەک کە لەبەردەستی هێزەکانماندایە کڵاشینکۆفە، بۆیە تا ئاسمان پارێزراو نەبێت، هەر جووڵەیەک وەک خۆکوژی وایە."
لە لێدوانەکەیدا یەزدان پەنا ئاشکرای کرد کە شەش گرووپی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵات هاوپەیمانێتییەکیان پێکهێناوە و خەریکی داڕشتنی بەرنامەکانیانن، بەڵام جەختی کردەوە کە:
• هەنگاوەکان پێویستیان بە ڕێگەخۆشکردنی لایەنی ئەمریکییە.
• دەبێت پێشوەختە دڵنیابن لەوەی کۆگاکانی چەکی ئێران بە تەواوەتی لەناوچوون.
سەبارەت بە ئەگەری هێرشی زەمینی لە کاتێکی نزیکدا، ناوبراو ڕایگەیاند کە هێشتا دۆخەکە بە تەواوی ڕوون نییە و لەم هەفتەیەدا هیچ گۆڕانکارییەکی مەیدانی ڕوونادات، چونکە هێزەکان چاوەڕێی گەرەنتی ئەمنی و سەربازیی زیاتر دەکەن.