دواین هەواڵ

کوردستان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

پەیوەندییەکی تەلەفۆنی گرنگ لە ئەبوزەبییەوە بۆ هەولێر؛ چارەنووسی ناوچەکە تاوتوێ کرا

هەرێم نیوز
ئەمڕۆ هەینی، ٦ی ئاداری ٢٠٢٦، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتووەوە پێگەیشت.
لە پەیوەندییەکەدا، هەردوولا بە وردی دوایین ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و لێکەوتە مەترسیدارەکانی شەڕیان تاوتوێ کرد. نێچیرڤان بارزانی و شێخ محەمەد بن زاید نیگەرانیی قووڵی خۆیان بەرامبەر بە پەرەسەندنی شەڕ دەربڕی و جەختیان لە گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان کردەوە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکە تایبەت بوو بە پەیوەندییەکانی ئیمارات لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و برەودان بە هاوکاریی هاوبەش لە بوارە جیاوازەکاندا. هەردوولا داکۆکییان لە پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییە مێژوویی و دۆستانەکانی نێوانیان کردەوە.
لای خۆیەوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هاوکاری و یارمه‌تییه‌ بەردەوامەکانی دەوڵەتی ئیماراتی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و هیوای ئارامی و پێشکەوتنی بۆ گەل و حکومەتی ئیمارات خواست.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP