هەرێم نیوز
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو لەلایەن گروپە لە یاسادەرچووەکانەوە هێرشێکی تیرۆریستی کراوەتە سەر کێڵگەی نەوتی ئێچ کەی ئێن (HKN) لە سنووری سەرسەنگ لە پارێزگای دهۆک.
بەهۆی ئەو هێرشەوە زیانی ماددی بەر کێڵگەکە کەوتووە و پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت تێیدا بەتەواوی ڕاگیراوە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وێڕای ئیدانەکردنی ئەم کارە کە ئامانج لێی تێکدانی ژێرخانی ئابووری و سامانی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، بەرپرسیارێتی تەواوی هێرشەکە دەخاتە ئەستۆی ئەو لایەنانەی کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیانەوە هێرش دەکەن.
وەزارەتەکە داوا لە حکومەتی فیدراڵی عێراق دەکات بە زووترین کات ڕێگری لەو جۆرە هێرشانە بکات کە ئاراستەی خەڵکی مەدەنی و کەرتە گرنگەکانی نەوت و غازی هەرێم دەکرێن.