دواین هەواڵ

جیهان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

وۆڵ ستریت ژۆرناڵ: پلانی ترەمپ بۆ بەکارهێنانی هێزە کوردییەکان وەک "سوپای پیادە" دژ بە تاران

هەرێم نیوز

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت ژۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ئاشکرای کرد کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، گڵۆپی سەوزی بۆ پشتگیریکردنی گرووپە چەکدارەکانی ناوخۆی ئێران هەڵکردووە. ئەم ستراتیژە نوێیەی واشنتن ئامانجی ئەوەیە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان بگۆڕێت بۆ سوپایەکی وشکانیی کاریگەر کە بە پاڵپشتیی سیاسی و سەربازیی ئەمریکا بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی تاران کار بکەن.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، گرنگترین خاڵەکانی ئەم پلانە بریتین لە پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کورد: ترەمپ ڕۆژی یەکشەممە پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرکردە کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجام داوە. واشنتن دەیەوێت سوود لەو بۆشایی و بێهێزییە وەربگرێت کە ئێستا لە ناوەندی بڕیاری تاراندا دروست بووە.

هەروەها هاوئاهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل: بۆردومانە چڕەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ڕۆژئاوای ئێران (ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، وەک ئامادەکارییەک دەبینرێت بۆ خۆشکردنی ڕێگەی پێشڕەویی هێزە کوردییەکان کە لەسەر سنوورەکان جێگیرن.

ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان جەختی لەوە کردووەتەوە کە "پێویست بە هێزی سەربازیی ئەمریکی ناکات بۆ ناو خاکی ئێران"، چونکە بە بڕوای ئەو، گەلی ئێران و هێزە دژبەرەکان خۆیان "سەربازی سەر زەوی" (Boots on the ground) و جێبەجێکاری سەرەکین.

 کۆشکی سپی هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە کە ئایا هاوکارییەکان تەنها زانیاریی هەواڵگری دەبن، یان دابینکردنی چەکی پێشکەوتوو و مەشقی سەربازیش دەگرێتەوە.

ئەم هەنگاوەی ترەمپ گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە سیاسەتی ئەمریکا، چونکە لە تەنها "داواکردنی ڕاپەڕین"ەوە چووەتە قۆناغی "پشتگیریکردنی بەرگریی چەکداری"، کە ئەمەش دۆخەکە بەرەو قۆناغێکی مەترسیدارتر و یەکلاکەرەوە دەبات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP