دواین هەواڵ

جیهان‌

 17 کاتژمێر پێش ئێستا

ناتانیاهۆ: بەبێ ترەمپ نەماندەتوانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران تێکبشکێنین

هەرێم نیوز
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی، پەردەی لەسەر وردەکاریی هێرشە دوایینەکانی سەر ئێران لادا و ڕایگەیاند کە جیهان لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدا بوو، بۆیە دەبوو بە خێرایی جوڵە بکەن.

ناتانیاهۆ ئاشکرای کرد کە بەرنامە موشەکی و ئەتۆمییەکەی ئێران لە لێوارێکی مەترسیدا بوون و ئەگەر "ئۆپەراسیۆنی توڕەیی داستانی" نەبوایە، ئەو بەرنامانە پارێزراو دەبوون و دەبوونە هەڕەشە بۆ سەر هەموو مرۆڤایەتی. وتیشی: "پێویستمان بە سەرۆکێکی یەکلاکەرەوەی وەک دۆناڵد ترەمپ بوو بۆ ئەوەی ئەم کارە مێژووییە ئەنجام بدەین."

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئەو سەرکردانەی کە دژی هێرشەکان بوون و وتی: "هەندێک بەناو سەرکردە دەستەوسان دانیشتوون و دەڵێن ئەوەی ڕوودەدات ترسناکە؛ بەڵام پاراستنی ئیسرائیل، ئەمریکا و جیهانی ئازاد لە توندڕەویی ئایینی و مردنی بەکۆمەڵ، کارێکی ترسناک نییە، بەڵکو ئەرکێکی مرۆییە."

ناتانیاهۆ گەشبینی خۆی نیشان دا کە ململانێکان لەگەڵ تاران شەڕێکی بێکۆتایی نابن. هیوای خواست کە بەم نزیکانە ئاشتییەکی فراوان لە ناوچەکەدا بێتە ئاراوە و وڵاتی عەرەبستانی سعوودیەش بگرێتەوە، بەجۆرێک کە سەقامگیری بۆ هەمووان بگەڕێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP