هەرێم نیوز
جان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئێران و بەرەی ئەمریکا-ئیسرائیل، ئامادەیی وڵاتەکەی نیشان دا بۆ دەستێوەردانی سەربازی بە مەبەستی پاراستنی هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکەدا.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند: "پاریس ئامادەیە بەشداری بکات لە بەرگریکردن لە دەوڵەتانی کەنداو و شانشینی ئوردن." ئەم هەڵوێستە وەک پەیامێکی ڕوون بۆ تاران دەبینرێت کە هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر ئەو وڵاتانە، ڕووبەڕووی کاردانەوەی هێزە ئاسمانی و دەریاییەکانی فەرەنساش دەبێتەوە.
لە لایەکی ترەوە، جان نوێل بارۆ تیشکی خستە سەر دۆخی بەغدا و ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی پشتیوانی لە هەوڵەکانی بەرپرسانی عێراق دەکات بۆ ئەوەی وڵاتەکەیان ڕانەکێشرێتە ناو ململانێ خوێناوییەکانی ناوچەکە و سەروەریی خاکی عێراق بپارێزرێت.
سەبارەت بە بەرەی لوبنان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هێرشی کردە سەر حزبوڵا و وتی: "حزبوڵا هەڵەیەکی گەورەی کرد و دانیشتوانی مەدەنی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە دەیان کەس باجەکەیان دا."
ئەمە ئاماژەیە بۆ تێوەگلانی زیاتری لوبنان لە جەنگەکە و ئەو زیانە مرۆییانەی کە لە ئەنجامی هێرشە بەرپەرچدەرەوەکان کەوتوونەتەوە.