هەرێم نیوز
سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیامێکدا کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێرانی ڕاگەیاند و هۆشداریی توندیش دەداتە هێزە ئەمنییەکان و سوپای ئەو وڵاتە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 1ی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیامێکدا ڕایگەیاند کە عەلی خامنەیی، وەک یەکێک لە "خراپترین کەسایەتییەکانی مێژوو"، کوژرا.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە دادپەروەرییە بۆ گەلی ئێران و هەموو ئەو ئەمەریکی و خەڵکانەی جیهان کە بەدەستی ئەو و "باندە پیاوکوژەکانی" کوژراون.
ناوبراو ئاشکرای کرد کە خامنەیی نەیتوانیوە لە دەست هەواڵگری و سیستمە پێشکەوتووەکانی واشنتن ڕزگاری بێت کە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل کاریان پێکردووە.
ڕوونیشی کردەوە کە نە خامنەیی و نە ئەو سەرکردانەی دیکەش کە لەگەڵیدا کوژراون نەیانتوانیوە خۆیان بپارێزن، ئەمەش گەورەترین هەلە بۆ گەلی ئێران تا وڵاتەکەیان وەربگرنەوە.
سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوە کرد کە زانیارییان پێگەیشتووە زۆرێک لە سوپا، پاسداران و پۆلیسی ئێران چیتر نایانەوێت شەڕ بکەن و داوای پارێزبەندی دەکەن.
لە پەیامەکەیدا هۆشداریی دا و وتی: "وەک شەوی ڕابردوو وتم؛ ئێستا دەتوانن پارێزبەندییان هەبێت، بەڵام دواتر تەنیا مەرگیان بۆ دەمێنێتەوە."
ترەمپ هیوای خواست کە پاسداران و پۆلیس بە ئاشتییانە لەگەڵ نیشتمانپەروەران یەکبگرن بۆ گەڕاندنەوەی وڵاتەکە بۆ ئەو شکۆمەندییەی کە شایستەیەتی.
جەختیشی لەوە کردەوە کە بۆردومانە توند و وردەکان بەبێ وەستان بەدرێژایی هەفتەکە بەردەوام دەبن، تا ئەو کاتەی دەگەنە ئامانجەکەیان کە بەدیهێنانی ئاشتییە.