هەرێم نیوز
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە ناوی "نەڕەی شێر" بارەگای عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان لە تاران وێران کردووە و نیشانەی زۆریش هەن کە ناوبراو لە ژیاندا نەماوە. هاوکات داوا لە گەلی ئێران دەکات بڕژێنە سەر شەقامەکان.
بەپێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی، شوێنی نیشتەجێبوونی عەلی خامنەیی، کە بە "بەیت ڕەهبەری" ناسراوە، بە 30 بۆمبی قورس بۆردومان کراوە. لەم بارەیەوە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە وتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لەو هێرشەدا ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی ڕێژیمی ئێران و بەرپرسانی باڵای سوپای پاسداران لەناو براون.
نەتانیاهۆ لە وتارەکەیدا سوپاسی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکای کرد بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی و ڕایگەیاند: "ئەمەی ئێمە دەیکەین بۆ بەرپاکردنی ئاشتییە. ئێمە بە ئۆپەراسیۆنی 'نەڕەی شێر' سیمای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕین."
هەروەها سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئێرانی بە "مەترسی بۆ سەر تەواوی جیهان" ناوبرد و وتی: "47 ساڵە ڕێژیمی ئێران هاواری 'مەرگ بۆ ئەمەریکا و ئیسرائیل' دەکات، ئەمڕۆش هەمووان دەزانن نابێت ئەم ڕێژیمە دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات، چونکە خامنەیی پیلانی لەناوبردنی ئێمەی داڕشتبوو."
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، نەتانیاهۆ پەیامێکی ئاراستەی ناوخۆی ئێران کرد و داوای لە هاووڵاتییان کرد دەست بە خۆپیشاندان بکەن، و وتی: "بە گەلی ئێران دەڵێین، ئەم دەرفەتە دووبارە نابێتەوە و دەستەوسان مەبن، ئەوەتا ئێمە هاوکارییەکانمان بۆ ناردوون."
لە کۆتایی وتارەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دڵنیایی دا بە گەلی وڵاتەکەی کە بەردەوام دەبێت لە داکۆکیکردن لێیان، و داواشی لە هاووڵاتییانی ئیسرائیل کرد بە تەواوی گوێڕایەڵی ڕێنمایییەکانی سوپای ئیسرائیل بن.
ئەم لێدوانانە گومانی زۆری لەسەر چارەنووسی باڵاترین دەسەڵاتی ئێران دروست کردووە، هەرچەندە تا ئێستا لایەنی فەرمی ئێران ئەم هەواڵانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.