دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی دەرەوەی ئێران: دوژمن بۆ جاری دووەم خیانەتی لە دیپلۆماسیەت كرد

هەرێم نیوز

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بە تاوانی جەنگ دەناسێنێت و ئاشکرای دەکات کە 150 کچە قوتابی لە میناب گیانیان لەدەست داوە.

ئەمڕۆ شەممە 28ی شوباتی 2026، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، هێرشە هاوبەشەکانی واشنتن و تەلئەبیبی بە کردەوەیەکی تیرۆریستی ناو برد.

ناوبراو ئاماژەی بە قەبارەی زیانە مرۆییەکان کرد و ئاشکرای کرد کە بەهۆی بۆردوومانی قوتابخانەیەک لە شاری میناب، نزیکەی 150 کچە قوتابی کوژراون.

بەقایی جەختی لەوە کردەوە کە بەپێی هەموو پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، بەئامانجگرتنی ئەو قوتابییە منداڵانە تاوانی جەنگە و پێشێلکارییەکی گەورەیە.

سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانیش، ڕەخنەی توندی لە واشنتن گرت و ڕایگەیاند کە ئەمەریکا سەلماندی پابەندی هیچ کام لە بەڵێنەکانی خۆی نابێت.

وتەبێژەکەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمە سێیەمین جارە لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا واشنتن هەوڵە دیپلۆماسییەکان لەبار دەبات و تێکیان دەدات.

ڕوونیشی کردەوە کە ئێران بە چاوکراوەیی چووەتە ناو دانوستانەکانەوە بۆ ئەوەی پاساوێک بۆ هێرش نەهێڵێتەوە، بەڵام ئەمەریکا پرسی ئەتۆمی کردە بیانوو.

لە کۆتاییدا ئیسماعیل بەقایی دووپاتی کردەوە کە کێشەی وڵاتەکەی لەگەڵ خەڵکی ئەمەریکادا نییە، بەڵکوو لەگەڵ سیاسەتی دوژمنکارانەی حکومەتی واشنتندایە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP