دواین هەواڵ

کوردستان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم ٣٠٠٠ مێگاوات کەمی کرد؛ هەناردەی گازی کۆرمۆر ڕاگیرا

هەرێم نیوز

هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا بڵاویانکردەوە، کە بەهۆی ئەو بارودۆخە نائاسایی و شەڕەی لە ناوچەکەدا ڕوویداوە، کۆمپانیای "داناگاز" بڕیاریداوە هەناردەکردنی گازی سروشتی لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بۆ وێستگەکانی کارەبا ڕابگرێت.

ئەم بڕیارە وەک ڕێوشوێنێکی پاراستنی گیانی کارمەندانی کێڵگەکە دێت لە کاتی هێرشە سەربازییەکاندا. بەهۆی ئەم ڕاگرتنەشەوە، توانای بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بە بڕی ٢٥٠٠ بۆ ٣٠٠٠ مێگاوات کەمی کردووە، ئەمەش کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتییان.

وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاندووە کە لە ڕێگەی سەرچاوەکانی تری بەرهەمهێنانەوە هەوڵ دەدەن کاریگەرییەکانی ئەم کەمبوونەوەیە لەسەر هاوبەشانی کارەبا کەم بکەنەوە. 

ئەم قەیرانە نوێیەی وزە لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان لەژێر باری ئامادەباشی ئەمنیدایە و گەشتە ئاسمانی و زەمینییەکان و ناوەندەکانی خوێندنیش پەککەوتوون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP