دواین هەواڵ

ڤیدیۆ‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

سوودانی سوپای ڕاوێژکارەکانی بچووک دەکاتەوە؛ کۆتایی بە گرێبەستی ژمارەیەک شارەزا هێنرا

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ی ٢ی ٢٠٢٦، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی پلانی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و ڕێکخستنەوەی کارگێڕی، کۆتایی بە گرێبەستی کارکردنی ژمارەیەک ڕاوێژکار و شارەزا لە نووسینگەی سەرۆک وەزیران هێنراوە.

نووسینگەی سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە کرد: ئەم هەنگاوە لەپێناو جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی محەمەد شیاع سوودانییە بۆ چالاککردنی ئەدا و کارکردن، کە تێیدا بڕیار دراوە بە تێکەڵکردن و ڕێکخستنەوەی چەندین پێکهاتە و جومگەی گرنگ لەناو نووسینگەی سەرۆک وەزیراندا.

هەروەها نووسینگەی سەرۆک وەزیران وتی: ئەو ڕاوێژکار و شارەزایانەی گرێبەستەکانیان کۆتایی هاتووە، پێشتر ئەرکی بەدواداچوونی چەندین دۆسیەی گرنگ و هەستیاریان لە بوارەکانی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەتدا لە ئەستۆ بووە، کە ڕێژەی تەواوبوونی گشتیی ئەو دۆسیانە گەیشتووەتە ٨٨٪.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە حکومەت کۆمەڵێک هەنگاوی بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان لە زۆربەی بەشەکانی بودجەی کارپێکردنی نووسینگەی سەرۆک وەزیراندا گرتووەتەبەر. هاوکات محەمەد شیاع سوودانی جەختی کردەوە: پێویستە هەموو دامەزراوە حکومییەکان پابەندی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران بن بۆ کەمکردنەوەی ڕوونی خەرجییەکان و سوودوەرگرتنی تەواو لە تواناکان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP