هەرێم نیوز
سەرچاوە عێراقییەکان بە کەناڵی "عەرەبییە"ـیان ڕاگەیاندووە کە تاران ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر هەڵپەساردنی چالاکیی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق بۆ ماوەی دوو ساڵ، بەڵام لە بەرامبەردا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گوشار دەکات بۆ ئەوەی ئەو گرووپانە بەتەواوی چەکەکانیان ڕادەستی حکوومەتی ناوەندی بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ـی 8ـی 2026، سەرچاوە ئاگادارە عێراقییەکان بە کەناڵی هەواڵیی "عەرەبییە"ـیان ڕاگەیاند کە پێشهاتی نوێ لە دۆسیەی گرووپە چەکدارەکانی ناو عێراقدا هەیە و گفتوگۆکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان بەردەوامن.
بەپێی زانیاریی سەرچاوەکان، تاران ڕەزامەندیی پیشان داوە بۆ ئەوەی چالاکیی گرووپە چەکدارەکان بۆ ماوەی دوو ساڵ بە شێوەیەکی کاتی ڕابگیرێت، ئەم هەنگاوەش وەک هەوڵێک بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ئەمنی و ڕێگریکردن لە هەڵکشانی زیاتری ململانێکان لە ناوچەکەدا لێک دەدرێتەوە.
لە بەرامبەر ئەمەدا، هەڵوێستی ئەمەریکا لەسەر ئەم پرسە جیاوازە.
بەپێی زانیارییەکان، واشنتن بە ڕاگرتنی کاتیی چالاکییەکان قایل نییە و گوشارێکی توندی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی ئەو گرووپانە بەتەواوی چەک دابنێن و ڕادەستی حکوومەتی عێراقیشی بکەن.
ئەمەریکا پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی هەمیشەیی، دەبێت چەک تەنیا لە دەستی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتی عێراقدا بێت.