هەرێم نیوز
دوای چەندین هەفتە لە کێشمەکێش و ئامادەسازییە سەربازییەکانی ئەمریکا، وا دەردەکەوێت بژاردەی ئاشتییانە –لانیکەم بە شێوەیەکی کاتی– سەرکەوتووبێت، ئەمەش دوای بەڕێوەچوونی خولێکی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا لە مەسقەتی پایتەختی عومان.
ئێرانییەکان کە سەرەتا بە وریاییەوە دەستیان پێکرد، دوای چەند کاتژمێرێک جۆرە ڕەزامەندییەکیان نیشان دا بەرامبەر ئەم دانوستانانەی کە دوای هەوڵێکی زۆر هاتنە کایەوە و بڕیاریشە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەردەوام بن.
کۆبوونەوەی ناڕاستەوخۆ و بینینێکی کورت
خولى دانوستانەکان کە کاتژمێر ١٠ی بەیانی هەینی دەستی پێکرد، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بوو؛ بە جۆرێک "بەدر ئەلبوسەیدی" وەزیری دەرەوەی عومان وەک ناوبژیوان بە جیا لەگەڵ هەردوو لایەن کۆبووەوە. بەڵام دواتر زانیارییەکان باسیان لە دیدارێکی کورتی ڕاستەوخۆ کرد لە نێوان "عەباس عێراقچی" وەزیری دەرەوەی ئێران و هەردوو نێردەی ئەمریکی "ستیڤ ویتکۆف" و "جارید کۆشنەر".
عێراقچی لە سەرەتای کۆبوونەوەکاندا پلانێکی سەرەتایی پێشکەش کرد بۆ بەڕێوەبردنی دۆخی ئێستا و پاڵپێوەنانی دانوستانەکان. ئەو جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە لایەنەکان پابەندی بەڵێنەکانیان بن و ئاماژەی بەوە کرد کە "یەکسانی، ڕێزی دوولایەنە و بەرژەوەندی هاوبەش" پایە سەرەکییەکانی هەر ڕێککەوتنێکی بەردەوامن.
هەروەها پەیامێکی گرنگی نارد کاتێک وتی: "ئێران بە چاوێکی کراوە و یادەوەرییەکی زیندووەوە بۆ ڕووداوەکانی ساڵی ڕابردوو، هاتووەتە نێو دانوستانەکان."
پاشخانێکی خوێناوی و ململانێ لەسەر شوێن
ئەم دانوستانانە لە کاتێکدایە کە حوزەیرانی ڕابردوو، ئێران کەوتە بەر شاڵاوێکی هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بە پاڵپشتی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکانی و جەنگێکی 12 رۆژەى لێپەیدابوو، لە سێیەم ڕۆژی شەڕەکەشدا ئەمریکاڕاستەوخۆ بەشدار بوو لە بۆردومانکردنی ئەو دامەزراوانە بە بۆمبی قورس. و فڕۆکەى بی 52ـى تێدا بەکارهێنا.
لەسەروبەندی دانوستانەکان، ململانێ لەسەر شوێن و ئەجێندای کۆبوونەوەکە هەبوو؛ ئێران توانی سەرکەوتوو بێت لەوەی مهسقەت ببێتە شوێنی دیدارەکە، لە کاتێکدا واشنتۆن ڕایگەیاند کە دوای دەستێوەردانی چەند سەرکردەیەکی ناوچەکە ئەمەی قبوڵ کردووە.
پیتاندنی یۆرانیۆم؛ خاڵی جەوهەری
ناونیشانی سەرەکی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە "پێداگری ئێران لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم لە بەرامبەر تێگەیشتنی ئەمریکا".
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی دیپلۆماسییەوە بڵاوی کردەوە کە ئێران داوای ئەمریکای بۆ ڕاگرتنی پیتاندن ڕەتکردووەتەوە، بەڵام ئامادەیی نیشانداوە بۆ گفتوگۆ لەسەر "ئاست و پاکی" پیتاندنەکە. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد کە دانوستانکارانی ئەمریکی جۆرە نەرمییەکیان بەرامبەر پێگەی ئێران نیشانداوە و باسی تواناکانی موشەکی ئێران نەکراوە.
تڕەمپ: ئێران ڕێککەوتنی دەوێت
لە کۆتایی کاتژمێرەکانی دانوستانەکەدا، تۆنی قسەکردنی ئێرانییەکان گۆڕا؛ عێراقچی ڕایگەیاند کە کەشی گفتوگۆکان "باش" بووە و ڕێککەوتوون لەسەر بەردەوامی. لە بەرامبەریشدا، دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکا ستایشی دانوستانەکانی کرد و وتی: "زۆر باش بوون، وا دیارە ئێران پێداگرە و دەیەوێت بگاتە ڕێککەوتن.
"
تڕەمپ جەختی کردەوە کە ئەوان لە ژێر فشاری کاتدا نین و کاتی پێویستیان هەیە، بەڵام سوور بوو لەسەر ئەوەی ڕێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
سەرەڕای ئەم کەشە ئەرێنییە، تڕەمپ فشاری سەربازیی بەردەوام کردووە و ڕایگەیاند کە "کەشتیگەلێکی دەریایی گەورە" بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگەن و بەم زووانە دەگەن، و وتیشی: "دەبینین چۆن دەبێت."