هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ هۆشداری دەداتە کەنەدا کە ئەگەر ڕێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ چین واژۆ بکەن، باجی 100% دەخاتە سەر کاڵاکانیان و دەڵێت چین دەیەوێت کەنەدا بەکاربهێنێت بۆ لێدانی بازاڕی ئەمەریکا.
ئەمڕۆ شەممە 24ی 1ی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هۆشداری دایە مارک کارنی، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا و ڕایگەیاند، ئەگەر ئۆتاوا ڕێککەوتنێکی بازرگانی لەگەڵ پەکین بکات، دەستبەجێ ئەمەریکا باجی 100% بەسەر هەموو ئەو کاڵا و بەرهەمە کەنەدییانەدا دەسەپێنێت کە دەچنە ناو بازاڕەکانی ئەمەریکاوە.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە کە مارک کارنی خەریکە "هەڵەیەکی مێژوویی" ئەنجام دەدات و بەو هەڵەیە "چین دەتوانێت کەنەدا بە تەواوی بخوات"، هەروەها ترسی خۆی نیشان داوە لەوەی ڕێککەوتنەکە ببێتە دەرچەیەک بۆ ئەوەی کاڵا و کەلوپەلی چینی بازاڕەکانی ئەمەریکا داگیر بکەن.
ئەم گرژییە دوای ئەوە دێت کە لە 1ی 11ی 2025، مارک کارنی لە کۆریای باشوور ڕایگەیاندبوو کە لەگەڵ چین ڕێگایەکیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کردووەتەوە و گفتوگۆکانیان "بنیاتنەر" بووە، هەروەها شی جیپینگ، سەرۆکی چین بانگهێشتی فەرمیی کارنی کردبوو بۆ سەردانی پەکین.
پەیوەندییەکانی کەنەدا و چین کە پێشتر لە خراپترین ئاستدا بوون، بەهۆی گوشار و باجە گومرگییەکانی دۆناڵد ترەمپەوە بەرەو باشبوون ڕۆیشتوون. پێشتریش لە 25ی 10ی 2025، ترەمپ بەهۆی ڕێکلامێکی حکومەتی هەرێمی ئۆنتاریۆوە باجی گومرگی بەسەر بەرهەمەکانی کەنەدا بە ڕێژەی 10% زیاد کردبوو.