دواین هەواڵ

جیهان‌

 24/01/2026

میدیاکان: خامنەیی لە ترسی هێرشی ئەمەریکا چووەتە ژێر زەوی

هەرێم نیوز

میدیاکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران ئاشکرای دەکەن، عەلی خامنەیی لە ترسی هێرشی ئەمەریکا لە پەناگەیەکی ژێر زەوی خۆی شاردووەتەوە و کوڕەکانی کارەکانی ڕایی دەکەن، هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکان 20 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.

ئەمڕۆ شەممە 24ی 1ی 2026، کەناڵی ئێران ئینتەرناشناڵ بە پشتبەستن بە زانیارییەکان بڵاوی کردەوە، بەدوای هەڵسەنگاندنی بەرپرسانی باڵای سەربازی و ئەمنی بۆ ئەگەری زیادبوونی هێرشی ئەمەریکا، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی لە پەناگەیەکی تایبەت و ژێر زەوی کە لە تونێلی تودەرتوو پێکهاتووە لە تاران خۆی شاردووەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، مەسعود خامنەیی، کوڕی سێیەمی ناوبراو ئێستا بەرپرسیارێتی کارە ئیدارییەکانی ڕۆژانەی لە ئەستۆدایە و موجتەبا خامنەیی، کوڕەکەی دیکەشی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت لە پەیوەندیدایە.

ئەمە لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پێشتر پشتڕاستی کردەوە کە "کەشتیگەلێکی گەورە" بەرەو ناوچەکە دەجووڵێن و هۆشداری دایە تاران لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران.

لای خۆیەوە مای ساتۆ، ڕاپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکان ڕەنگە 20 هەزار کەسی تێپەڕاندبێت.

هاوکات ڕەزا پەهلەوی، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بە ترسی بەرپرسانی ئێران کرد و وتی: "خامنەیی و فەرماندەکانی سوپا لە ترسدا لە کوندا خۆیان شاردووەتەوە."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP