هەرێم نیوز
هەڵوێستی میدیای عەرەبی بەرامبەر بە کێشەی کورد پرسێکی ئاڵۆزە و ناتوانرێت وەک یەک پارچە تەماشا بکرێت، چونکە ئەم هەڵوێستە بەپێی بەرژەوەندییە سیاسییەکان، بارودۆخی جوگرافی و جۆری دەزگا میدیاییەکان دەگۆڕێت لەگەڵ ئەوەشدا هەڵوێستى بەشێکیان جێگەى سەرسوڕمانى تەواوە کە بەشێوازێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوى بە پلان لە دژى دۆزی کورد بەگشتى رەفتار دەکات و پرسیار و میوان و هەواڵەکانى دادەڕێژێتەوە، بەجۆرێک هەرکەسێک یەکجار سەیریان بکات لەوە تێدەگات لەپشت ئەو میدیایانەوە چ رقێکی پەنگخواردوو خۆی مەڵاس داوە، لەوانەش دامەزراوەى -الجزیرة-.
بۆ ئەوەى بابەتیانەتر لەم کێشەیە بکۆڵینەوە دەکرێت بڵێین، بە شێوەیەکی گشتی، هەڵوێستی میدیای عەرەبی لەم چەند خاڵەدا کورت دەکەینەوە:
یەکەم: کاریگەریی ئەجێندای سیاسی دەوڵەتەکان:
زۆربەی میدیا عەرەبییەکان (بەتایبەت میدیا فەرمییەکان) ڕەنگدانەوەی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکانیانن، لە کاتی تەنگژەکاندا کاتێک پەیوەندی وڵاتێکی عەرەبی لەگەڵ تورکیا یان ئێران تێکدەچێت، میدیای ئەو وڵاتە زیاتر بایەخ بە مەزڵومییەتی کورد دەدات وەک کارتێکی فشارو لە دژى ئەوان دەیخاتە گەڕ و دەست بۆ ئەو بابەتانە دەبات کە پێشتر بە پاڵنەرى سیاسی خۆی لێبواردووە، بەڵام لە کاتی ئاسایی بوونەوەدا و کاتێک پەیوەندییەکان باش دەبنەوە، دۆزی کورد فەرامۆش دەکرێت یان وەک "هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی" وێنا دەکرێت، لەوانەش (روسیا الیوم، بی بی سی العربی، العربیة و الحدث .....).
دووەم: ترسی "دابەشبوون" (فۆبیای پارچەپارچەبوون)
بەشێکی زۆری میدیای عەرەبی، بەتایبەت ئەوانەی ڕەوتێکی "نەتەوەیی عەرەبی"یان هەیە، بە گومانەوە سەیری داواکارییەکانی کورد دەکەن. زۆرجار مافە ڕەواکانی کورد وەک پڕۆژەیەک بۆ "دروستکردنی ئیسرائیلی دووەم" یان پلانێک بۆ پارچەپارچەکردنی وڵاتانی عەرەبی (وەک عێراق و سووریا) ناو دەبەن. و ترسی ئەوەیان لە هەناوى خۆیاندا هەڵگرتووە کە کورد ببێتە دەوڵەت یان کیانێکى سەربەخۆ و ئیدارەیەکی بەهێزی بۆ خۆی هەبێت ئەوەش لە بەرژەوەندی خۆیان نابینن، ئەوە لەکاتێکدا کورد (ئەگەر) دەستى بەوەش بگات نیەتى دژایەتیکردن و پەلاماردانى ئەوانى تری نییە و جگە لە دراوسێی باش شتێکی دیکەى مەبەست نییە و دەکرێت نموونەى -الجزیرة- و – زۆرینەى میدیا عێراقییەکان، میدیا ئێرانیەکان کە بە زمانى عەرەبی بڵاودەکرێنەوە، لێرەدا بێنە بەرباس.
سێیەم: جیاوازی لە وێناکردنی کورد :
باشوورى کوردستان، یان وەک ئەوەى کە لەو میدیایانە بە کوردی عێراق ناوەزەدی دەکەن، بەهۆی هەبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1991ـەوە ، میدیای عەرەبی مامەڵەیەکی جیاوازتری لەگەڵ دەکات و زۆرجار وەک ئەزموونێکی سەرکەوتوو یان هاوبەشێکی سیاسی باسی دەکەن، بەڵام تا ئەوکاتانەى کە باس لە سەربەخۆیی و قەوارەیەکی بەهێز نەبێت بەرامبەر عێراقى عەرەبی، ئەگینا بایدەدەنەوە و ماکینەى دژایەتى دەخەنەوە گەڕ.
رۆژاڤاى کوردستان یان وەک خۆیان دەڵێن کوردی سووریا: هەڵوێستەکان زۆر توندترن؛ میدیای نزیک لە حکومەتی سووریا و هەندێک میدیای عەرەبی دیکە، کوردانی رۆژئاوا بە "جوداخواز" و "داردەستی ئەمریکا" تۆمەتبار دەکەن ئەوە لەکاتێکدا کورد لەو پارچەیەش جگە لە ستەمی دەسەڵاتدارانى پێشووى سوریا لە بەرامبەر کوردەکاندا بەڵام کاتێک دێتە سەر پاکتاوکردن بەشێوەیەکى گشتى توند مامەڵە دەکەن و بۆ جوڵاندنی هەستى شەقامی عەرەبی و رازیکردنى تورکیا و هاوپەیمانەکانی کورد بە دەستى دەرەکی و بێباوەڕ و دژە ئیسلام وێنادەکەن .
هەرچی رۆژهەڵاتی کوردستانیشە دەکەوێتە سەر هەڵوێستى ئەو وڵاتانەى کە میدیاکانیان چۆن لە دژى کۆماری ئیسلامی ئێران بەکاردەهێنن و لەو رێگەیەوە جاروبار بەردێکی تێدەهاون و بۆ باکوورى کوردستانیش هەمان شت راستە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتى باشوورى کوردستان و رۆژاڤاى کوردستان لەبەر ئەوەى لەکاتى دابەشکاریی خاکى کوردستان دراون بەو دوو وڵاتە میدیاى عەرەبی زۆرتر بایەخیان پێدەدەن.
بەشێوەیەکی گشتى لە کاتى جەنگ و ئاشتیشدا میدیاى عەرەبی (بەزۆرینە) بەچاوى (کەمتەرخەم، نەرێنى، شۆڤێنى و نەتەوەیی، نەشارەزا، خێڵەکی، هەوڵدان بۆ چارچەپارچەکردنى خاکى عەرەب، دەستى دەرەکی و هاوپەیمانى رۆژئاوا و ئیسرائیل .... هتد) مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بۆیە هەرکاتێک رایەکی دیکەى پێچەوانەى ئەم بابەتانە دێتە پێشەوە بە زۆرینە دەکەونە دژایەتى و پێکەوە هێرشەکانیان دەستپێدەکەن.