دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

چیرۆکی خیانەتکارە متمانەپێکراوەکان لە رۆمانى کۆنەوە تا کۆماری ئیسلامیی

هەرێم نیوز 

مێژووی سیاسیی جیهان پڕە لەو رووداوانەی کە تێیدا متمانە بووەتە هۆی ی سەرکردەکان یان ڕووخانی گەورەترین دەسەڵاتەکان. زۆرجار ئەو کەسانەی لە هەموو کەس نزیکتر بوون، بوونەتە هۆکاری کۆتاییهاتنی دەسەڵاتدارەکان و نوێترن نموونەش لێدان بوو لە سەرکردە دیارەکانى ئێران و لەسەروو هەمووشیانەوە عەلى خامنەیی ڕێبەرى ئەو وڵاتە کە وەک باسدەکرێت لە نزیکترین کەسەوە دەستنیشانى شوێنەکەى کراوە لەبەرامبەر چەند -بتکۆین- ێکدا. 

لێرەدا چەند نموونەیەکی دیاری ئەو سەرکردانە دەخەینە ڕوو کە لە لایەن کەسە نزیکەکانیانەوە خیانەتیان لێکراوە:
یۆلیۆس قەیسەر (ڕۆمای کۆن)

ئەمە بەناوبانگترین نموونەی خیانەتە لە مێژوودا. بروتوس کە یەکێک بوو لە هاوڕێ هەرە نزیکەکانی قەیسەر و وەکو کوڕی خۆی سەیری دەکرد، بەشداریی لە پلانێکی تیرۆرکردنیدا کرد لەناو ئەنجومەنی پیرانی ڕۆمادا. وتە بەناوبانگەکەی قەیسەر کە دەڵێت "تۆش، بروتوس؟" هێمایە بۆ ئەو ئازارەی کە لە خیانەتی کەسێکی نزیکەوە تووشی بووە، کتێبە مێژوییەکانى رۆمانى کۆن – کەلە کتێبخانەى کوردیشدا هەن- شایەتى ئەو بابەتەن و چیرۆکەکەیان بە وردیی گێڕاوەتەوە.

ئیندێرا غاندی (هیندستان)

سەرۆک وەزیرانی پێشووتری هیندستان ئیندێرا غاندی لە ساڵی ١٩٨٤ لەلایەن دوو پاسەوانی تایبەتی خۆیەوە تیرۆرکرا، کە ناویان "بێینت سینگ" و "ساتوانت سینگ" بوو، ئەم دوو پاسەوانە ساڵانێکی زۆر بوو پارێزگارییان لێدەکرد و جێگەی متمانەی تەواوی ئەو بوون و وەک سێبەر بەشوێنیەوە بوون ، بەڵام بەهۆی پاڵنەری ئایینی و سیاسییەوە لەناو حەوشەی ماڵەکەی خۆیدا تەقەیان لێکرد و کوشتیان.

نیکۆلای چاوچێسکۆ (ڕۆمانیا)

چاوچێسکۆ دیکتاتۆری ڕۆمانیا لە ساڵی ١٩٨٩دا بەهۆی خیانەتی وەزیری بەرگریی و فەرماندە سەربازییەکانی وڵاتەکەىەوە ڕووخا. ئەو کەسانەی کە ساڵانێک بوو دەستی ڕاستی بوون، لە چرکەساتێکی هەستیاردا پشتیان تێکرد و ڕادەستی دادگایەکی مەیدانییان کرد و دواتر لەگەڵ هاوسەرەکەی گولەبارانکران.

موعەمەر قەزافی (لیبیا)

کەوتنی قەزافی لە ساڵی ٢٠١١دا تەنها بەهۆی هێزی ناتۆ لە دەرەوە و شۆڕشگێڕەکان لەناوخۆدا نەبوو، بەڵکو زۆرێک لە وەزیرەکان و باڵیۆزە نزیکەکانی (وەک مستەفا عەبدولجەلیل و موسا کۆسا) لێی جیا بوونەوە و زانیاریی وردی هەواڵگرییان لەسەر شوێنی مانەوە و هێزەکانی وڵاتەکەیان دابە ناتۆ و شۆڕشگێڕەکان، کە ئەمەش بووە هۆی خێرا ڕووخانی دەسەڵاتەکەی و کوژرانى لەلایەن چەند مێرمنداڵێکەوە.

 کەوتنی بەغدا: خیانەتی "کەسە جێ متمانەکان"

کاتێک ئەمریکا هێرشی کردە سەر عێراق 2003، زۆر کەس چاوەڕوانی شەڕێکی گەورەی ناو شارەکانیان دەکرد (شەڕی کۆڵان بە کۆڵان)، بەڵام بەغدا زۆر خێراتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا کەوت. هۆکارەکەی بۆ ئەم کەسانە دەگەڕایەوە کە هەموویان جێگە متمانەى بەعس بوون.

فەرماندەکانی پاسەوانی کۆماری (گارد کۆماری)

بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان، دەزگای CIA پێش جەنگەکە پەیوەندیی نهێنی لەگەڵ چەندین فەرماندەی باڵای پاسەوانی کۆماری دروست کردبوو.
پیلانەکە: 
بڕە پارەیەکی زەبەلاح و بەڵێنی پاراستنی ژیانیان پێدرابوو لە بەرامبەر ئەوەی کە لە کاتی گەیشتنی هێزەکانی ئەمریکا، فەرمانی "کشانەوە" یان "شەڕ نەکردن" بە سەربازەکانیان بدەن. کاتێک تانکەکانی ئەمریکا گەیشتنە بەغداد، زۆرێک لە یەکە سەربازییەکان بەبێ شەڕ چەکەکانیان دانا، چونکە فەرماندەکانیان (کە سەدام متمانەی ڕەهای پێیان هەبوو) پێیان وتبوون "بڕۆنەوە بۆ ماڵەوە".
 حسێن کامل (زاوا و جێ متمانەی سەدام)
هەرچەندە ئەمە ساڵانێک پێش ڕووخان بوو، بەڵام حسێن کامل (کە هاوسەری کچی سەدام و لێپرسراوی پیشەسازییە سەربازییەکان و لە هەمان کاتدا ئامۆزای بوو) گەورەترین گورزی لە سەدام دا، کاتێک لە ساڵی ١٩٩٥ لەگەڵ براکەى -سەدام کامیل- ی برایدا هەڵاتن بۆ ئوردن، هەموو نهێنییەکانی بەرنامەی ئەتۆمی و کیمیایی عێراقیان ڕادەستی ڕۆژئاوا کرد.
ئەم زانیارییانە بوونە بنەمای یاسایی و سیاسی بۆ گەمارۆدانی عێراق و دواتر هێرشکردنە سەری. سەدام هەرگیز بڕوای نەدەکرد زاوایەک و ئامۆزایەکی هێندە نزیکی ئەو نهێنییانە ئاشکرا بکات.

کێشەی "شوێنی مانەوە" و سامر ئەلسەعیدی
سەدام حسێن دوای ڕووخان بۆ ماوەی چەندین مانگ خۆی شاردەوە. ئەوەی شوێنی حەشارگەکەی (ئەو کونەی تێیدا گیرا) ئاشکرا کرد، کەسێکی بێگانە نەبوو، بەڵکو یەکێک بوو لە پاسەوانە هەرە نزیکەکانی و لە هەموو شوێنێک لەگەڵیدا بووکە ناوی محەمەد ئیبراهیم ئەلموسڵەت بوو.
دوای دەستگیرکردنی محەمەد ئیبراهیم لەلایەن ئەمریکییەکانەوە، تەنها دوای چەند کاتژمێرێک لە لێکۆڵینەوە، بەوردی شوێنی سەدامی ئاشکرا کرد. ئەمە نیشانی دەدات کە تەنانەت لە کاتی شکستیشدا، تەنها کەسە نزیکەکانن دەتوانن "کۆتایی یارییەکە" بنووسنەوە.

چەند نموونەیەکی تر بەکورتی:
ماتا هاری: لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا، ئەم سەماکارە ناودارە توانی متمانەی ئەفسەرە پلە باڵاکانی فەڕەنسا و ئەڵمانیا بەدەستبهێنێت و زانیارییەکان لە یەکێکیانەوە بۆ ئەوی تر بگوازێتەوە، کە بووە هۆی کوژرانی هەزاران سەرباز.
ئەشراف مەروان: (زاوای جەمال عەبدولناسر)، کە لەناو جەرگەی دەسەڵاتی میسردا بوو و کاتی دەسپێکردنی جەنگی ١٩٧٣ی دایە ئیسرائیل و لە هەمان کاتدا وەزیری بەرگریی چەندین گرێبەستى چەکی ئێکسپایەرى لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان واژۆکردبوو کە لە مەیدانەکانى جەنگدا تەقەیان نەدەکرد.
وەک باسیش دەکرێت "چێ گیڤارا" لە لایەن شوانێکەوە شوێنەکەى دەستنیشانکراوە کە گوتوییەتى "تەق و تۆق" ئاژەڵەکانم نیگەران دەکەن و ناهێڵن بە ئیسراحەت بلەوەڕێن!!
تازەترین چیرۆک: 
کوژرانى حەسەن نەسروڵا لە لوبنان و ئیسماعیل هەنییە لە تاران و گەورە شارەزایان ئەتۆم و کۆتا کەسیش  عەلى خامنەی رێبەری ئیران، کە وێنەى کوژرانەکەى پێش لەوەى سەرۆکی ئێران بزانێت لەسەر مێزەکەى (نەتانیاهۆ و ترەمپ) دانرابوو، دەریدەخات لە نزیکەکانى خۆیەوە (کەسە متمانەپێکراوەکان) ەوە زانیارییەکان دزەیان کردووە. بەدڵنیاییەوە ئەم چیرۆکانە نابنە کۆتا چیرۆک و بەدواى ئەمانەشدا چەندینى دیکەش دێن.

ئەم چیرۆکانە چیمان پێ دەڵێن؟
بەکارهێنانى هەست و سۆز: زۆرجار سیخوڕەکان لە ڕێگەی دروستکردنی پەیوەندیی سۆزداری یان هاوڕێیەتییەکی قووڵەوە دەگەنە ئامانجەکانیان.
بچووکترین زانیاری بۆ سیخوڕەکان گەورەترینە : لەسەرو بەندى گفتوگۆکاندا سەرکردەکان وا دەزانن باسی شتێکی ئاسایی دەکەن، بەڵام بۆ سیخوڕێک ئەوە پارچەیەکی گرنگی ناو وێنە گەورەکەیە و بۆ ئەوان سەرەداوەکەیە.
تێچووی متمانە: لە جیهانی سیاسەتدا، متمانە گەورەترین سەرمایەیە، بەڵام هاوکات گەورەترین مەترسیشە و ئەنجامەکەى بەو شێوەیە دەبێت کە لە چیرۆکەکاندا ئاماژەمان پێکردن.
ئەنجامگیری:
مێژوو پێمان دەڵێت: لە "یۆلیۆس قەیسەر"ەوە تا "سەدام حسێن"، و "عەلى خامنەیی" "دوژمنی ناسراو کەمتر مەترسیدارە لە هاوڕێ و متمانە پێکراوێک کە گومانی لێ ناکرێت."
ئەو نموونانەی باسمان کردن هەموویان لە یەک خاڵدا یەکدەگرنەوە: "مەترسیدارترین چەک، چەکێک نییە کە لە دەرەوە بێت، بەڵکو ئەو چەکەیە کە لەلایەن کەسێکی جێ متمانەوە لە تەنیشتت هەڵگیراوە."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP