هەرێم نیوز
ڕۆژنامەی "ذی مارکر"ی عیبری لە ڕاپۆرتێکدا کە ئێوارەی پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاندووە کە ئۆپەراسیۆنی تیرۆرکردنی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی پێشووی حیزبوڵڵای لوبنان، بڕی 125 ملیۆن شیکڵ (40 ملیۆن دۆلار) لەسەر تەلئەبیب کەوتووە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆی بڕی تێچووەکە بەم شێوەیەیە:
• 25 ملیۆن شیکڵ: تێچووی 83 تۆن مووشەک و بۆمب کە لە خودی ئۆپەراسیۆنی تیرۆرکردنەکەدا بەکارهێنراون.
• 100 ملیۆن شیکڵ: تێچووی هێرشە ئاسمانییەکانی دیکە بۆ سەر ناوچەکانی تری "زاحیە" بە مەبەستی دروستکردنی قەرەباڵغی و داخستنی ڕێگاکان، تا ڕێگری بکرێت لە گەیشتنی تیمەکانی فریاگوزاری و سووتەمەنی.
وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنەکە
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە نیوەڕۆی 27ی ئەیلوولی 2024، فڕۆکە جەنگییەکانی "سەربازگەی 69" بە دەیان تۆن بۆمبەوە لە بنکەیەکی ئاسمانییەوە فڕین بۆ ئەنجامدانی ئەرکێکی یەکلاکەرەوە کە ئەویش کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا بوو. فڕۆکەکان 83 تۆن بۆمبیان هەڵدا تاوەکو هیچ دەرفەتێکی ڕزگاربوون بۆ نەسروڵڵا و سەرکردەکانی تری حزبەکە نەمێنێتەوە.
جێی ئاماژەیە کە پرۆسەی تیرۆرکردنی نەسروڵڵا تەنها 12 چرکەی خایاندووە، لە کاتێکدا تیرۆرکردنی هاشم سەفیەدین کەمێک زیاتری پێچووە. هەروەها نەسروڵڵا لە شوباتی 2025، واتە نزیکەی پێنج مانگ دوای کوژرانی، لە مەراسیمێکی جەماوەریدا لە بەیروت بە خاک سپێردراوە.
بۆچی سوپا بڕیاری دا تێچووەکە ئاشکرا بکات؟
سەبارەت بە هۆکاری ئەم ئاشکراکردنە، ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکی ئەرکانی سوپا دەستی کردووە بە نرخاندنی تێچووی ئەرکە جیاوازەکان. ئەمەش بە مەبەستی:
1. پیشاندانی گرنگیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە نائاساییەکان بە ئاستی سیاسی و کابینەی حکومەت.
2. دیاریکردنی ئەو بڕە پارەیەی کە پێویستە لە وەزارەتی دارایی داوا بکرێت.
تێچووی گشتیی شەڕەکە:
بەپێی ڕاپۆرتەکە، تێچووی ئەمنیی شەڕی "شمشێرە ئاسنینەکان" بە 222 ملیار شیکڵ دەخەمڵێندرێت، واتە تێچووی هەر ڕۆژێکی شەڕ بە تێکڕا 280 ملیۆن شیکڵ بووە. گرانترین ڕۆژی شەڕەکەش تێچووەکەی گەیشتووەتە 1.3 ملیار شیکڵ.
لە لایەکی ترەوە، وەزارەتی دارایی ئیسرائیل تێچووی گشتیی شەڕەکە (بە بودجە مەدەنییەکان و قەرەبووەکانیشەوە) بە 277 ملیار شیکڵ دەخەمڵێنێت، بەڵام بانکی ئیسرائیل پێی وایە تێچووەکە دەگاتە 352 ملیار شیکڵ، چونکە بانکەکە تێچووە پێشبینیکراوەکانی ساڵی 2026یش بەشێك لە شەڕەکە هەژمار دەکات.