هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە فەرمانی داوە بە جوڵەپێکردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکۆڵن" و چەندین کەشتیی جەنگیی تێکشکێنەر و فڕۆکەی جەنگی بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەنگاوە لە وەڵامی توندوتیژییەکانی ناوخۆی ئێران و بۆ ناردنی پەیامێکی روونە کە واشنتن ڕێگە بە تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە نادات.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکییەوە بڵاوی کردەوە، کە ئەم هێزە دەریاییە لە هەفتەی ڕابردووەوە لە ناوچەی ئاسیا و ئۆقیانووسی هێمنەوە کەوتوونەتە ڕێ و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەگەنە جێی مەبەست.
ئەم کەشتییە جەنگییانە توانایەکی زۆری هێرشبەری و بەرگرییان هەیە و وەک هێزێکی ئامادەباش بۆ هەر ئەگەرێکی سەربازی جێگیر دەکرێن.
بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا ئاشکرایان کردووە کە جگە لە کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکان، سوپا خەریکی لێکۆڵینەوەیە بۆ جێگیرکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی زیاتر لە ناوچەکەدا.
ئەم ئامادەکارییانە دوای ئەوە دێن کە ناڕەزایەتییەکانی ئێران ڕوویان لە توندوتیژیی زیاتر کردووە و ئەمریکاش دەیەوێت پارێزگاری لە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی خۆی و هاوپەیمانەکانی بکات.