دواین هەواڵ

کوردستان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەحمەد شەرع مه‌رسوومێكى تایبه‌ت به‌ كورد دەرکرد

هەرێم نیوز

لە هەنگاوێکی بێپێشینەدا کە وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی لە پێگەی کورد لە سووریا دەبینرێت، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا، زنجیرەیەک بڕیاری چارەنووسسازی بۆ بەرژەوەندیی گەلی کورد دەرکرد.

ئەمڕۆ هەینی (١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦)، ئەحمەد شەرع مەرسوومی کۆماریی ژمارە ١٣ی بۆ ساڵی ٢٠٢٦ دەرکرد. لە ماددەی یەکەمی ئەم مەرسوومەدا، بۆ یەکەمجار لە مێژووی سووریای نوێدا، بە فەرمی دان بەوەدا نراوە کە "هاووڵاتییانی کوردی سووریا بەشێکی بنەڕەتی و ڕەسەنی گەلی سووریان" و ناسنامەی ئەوان بە بەشێکی دانەبڕاو لە ناسنامەی نیشتمانیی سووریا ئەژمار کراوە.

مەرسوومەکە لە چەند ماددەیەکی تریدا، گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە سیستەمی پەروەردە و کولتووردا دەکات:

• زمانی نیشتمانی: زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی دەناسرێت.
• خوێندن بە زمانی کوردی: ڕێگە دەدرێت لە قوتابخانە حکوومی و تایبەتەکاندا، لەو ناوچانەی کوردنشینن، زمانی کوردی وەک پڕۆگرامی بژاردە یان چالاکیی کولتووری بخوێندرێت.
• پاراستنی کەلەپوور: دەوڵەت پابەند کراوە بە پاراستنی فرەیی زمانی و گەرەنتی مافی کورد لە بووژاندنەوەی هونەر و کەلەپووری دێرینیان.
یەکێک لە گرنگترین بڕیارەکانی ناو مەرسوومەکە، بڕیاری یەکلاکەرەوەیە بۆ گەڕاندنەوەی ڕەگەزنامەی سووری بۆ ئەو کوردانەی کە بەهۆی سەرژمێریی ساڵی ١٩٦٢ـەوە (ئەجانب حەسەکە) لێی بێبەش کرابوون. بەمەش کۆتایی بە کێشەی یاسایی و مرۆیی دەیان هەزار خێزانی کورد دەهێنرێت کە بۆ چەندین دەیە لە وڵاتی خۆیاندا بە "بێگانە" ئەژمار دەکران.

ئەم مەرسوومە لە کاتێکدا دەرچووە کە سووریا بەرەو قۆناغی "سووریای نوێ" هەنگاو دەنێت. داننان بە مافە ڕەواکانی کورد و گەڕاندنەوەی ڕەگەزنامە، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ داواکارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و لایەنە کوردییەکان دەبینرێت. چاودێران پێیان وایە ئەم بڕیارانە ڕێگە بۆ ڕێککەوتنی گشتگیر لە نێوان دیمەشق و هەسەدە خۆش دەکەن و کۆتایی بە ململانێیەکی درێژخایەنی ناوخۆیی دەهێنن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP