هەرێم نیوز
ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئەمریکی و ئیسرائیلییەوە بڵاوی کردەوە، بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوای لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کردووە، هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران دوابخات تاوەکو ئیسرائیل کاتی زیاتری هەبێت بۆ ئامادەکاری بەرامبەر هەر وەڵامدانەوەیەکی ئەگەریی تاران.
هاوکات دەیڤید بارنیۆ سەرۆکی دەزگای هەواڵگری موساد بە سەردانێکی بەپەلە گەیشتووەتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ تاوتوێکردنی پلانە سەربازییەکان و دۆخی ناوخۆیی ئێران.
سەردانەکەی بارنیۆ لە کاتێکدایە کە واشنتۆن و تەلئەبیب لە ڕاوێژی چڕدان سەبارەت بە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان و ئەگەری وەشاندنی گورزێکی سەربازی لەلایەن کۆشکی سپییەوە وەک پەرچەکردارێک بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران.
بڕیارە سەرۆکی مۆساد لە شاری میامی لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف نێردەی کۆشکی سپی کۆببێتەوە کە بەرپرسی کەناڵی پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان واشنتۆن و تارانە و پێشتریش لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندیدا بووە.
ئەم جموجۆڵانە دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ پشتگیری خۆی بۆ ناڕەزایەتییەکانی ئێران دەربڕی و بەرپرسانی وڵاتەکەش جەختیان کردەوە کە بژاردەی سەربازی هێشتا لەسەر مێزە.
لە لایەکی دیکەوە، سێ وڵاتی عەرەبی کە بریتین لە سعودییە و قەتەر و عومان هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ پاشگەزکردنەوەی ترەمپ لە بڕیاری هێرشکردن و پێدانی دەرفەتێکی تر بە سەرکردایەتی ئێران بۆ نیشاندانی نیازپاکی، لە کاتێکدا هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە حاڵەتی ئامادەباشی تەواودان.