دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 22 کاتژمێر پێش ئێستا

جووڵە سەربازییەکانی ئەمریکا و هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ لە ڕوانگەی میدیا جیهانییەکانەوە

ئا: هۆشەنگ مام ساڵح

بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکانی ڕۆژنامە جیهانییەکانی وەک "واشنتۆن پۆست" و "فاینانشاڵ تایمز" بارودۆخی ناوچەکە گەیشتووەتە قۆناغێکی یەکجار هەستیار، دۆناڵد ترەمپ لە نوێترین پەیامیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروز سۆشیال" بە ڕاشکاوی باسی لەوە کردووە کە گەلی ئێران تینووی ئازادین و ئەمریکاش بە هەموو شێوەیەک ئامادەیە هاوکارییان بکات. ئەمە تەنها دروشمێکی سیاسی نییە، بەڵکو وەک ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" ئاماژەی پێ کردووە، نیشانەی گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە ڕێبازی کارکردنی واشنتۆن بەرامبەر تاران.

دۆناڵد ترەمپ پێشتر هۆشدارییەکی توندی دابوو کە ئەگەر هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەست بکەن بە تەقەکردن لە خۆپیشاندەران، ئەوا ئەمریکا بێدەنگ نابێت و بۆ "ڕزگارکردنیان" دەستبەجێ دەستوەردان دەکات چونکە ئەمریکا خۆپیشاندەران بە هاوپەیمانی سروشتی خۆی دەزانێت. پێگەی "کالیبەر" و گۆڤاری "زە ویک" تیشک دەخەنە سەر جووڵەیەکی سەربازیی یەکجار چڕ کە هاوتای نییە؛ لە ماوەی دە ڕۆژی ڕابردوودا، دەیان فڕۆکەی زەبەلاحی گواستنەوەی سەربازی لە بنکەکانی ئەمریکاوە بەرەو بنکەی ئاسمانیی "العدید"لە قەتەر و بنکەی ئاسمانیی "شازادە سوڵتان" لە سعودیە گەیشتوون. بەپێی ڕاپۆرتەکانی پێگەی"دیفێنس ماتەرز" ئەم فڕۆکانە تەنها سەرباز ناگوێزنەوە، بەڵکو کەلوپەلی قورسی جەنگی، تەقەمەنی و سیستەمی بەرگریی زۆر پێشکەوتوو دەهێننە ناوچەکە، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی سوپای ئەمریکا خۆی بۆ ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی گەورە ئامادە کردووە.

یەکێک لە مەترسیدارترین بەشەکانی ئەم ئامادەکارییە کە لەلایەن ناوەندە هەواڵگرییەکانەوە چاودێری دەکرێت، جووڵەی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکایە کە بە "ڕاوچییەکانی شەو" ناسراون. وەک پێگەی "میلیتەری دۆت کۆم" باسی لێوە کردووە، ئەم هێزانە پسپۆڕی پلە یەکن لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زۆر ورد لە پشت هێڵەکانی دوژمن، بەتایبەت بۆ ڕزگارکردنی خەڵک و تێکدانی ناوەندە فەرماندەییەکان. جێگیربوونی ئەم هێزانە لە بنکەکانی نزیک لە ئێران، وەرگێڕانی ڕاستەوخۆی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپە بۆ "ڕزگارکردنی خۆپیشاندەران" کە ئێستا خەریکە دەبێتە واقیعێکی سەربازیی مەیدانی. هاوکات ئاژانسی "ڕۆیتەرز" بڵاوی کردووەتەوە کە دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری زەبەلاحی ئەمریکا (کارڵ ڤینسۆن و نیمیتز) لەگەڵ دەیان کەشتیی جەنگیی تر لە ئاوەکانی ناوچەکەدا جێگیر کراون.

ئەم کەشتییانە زیاتر لە ١٨٠ فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتوویان لەسەرە کە دەتوانن بە بەردەوامی ئاسمانی ئێران کۆنتڕۆڵ بکەن. لە لایەکی ترەوە، کەناڵی "سی ئێن ئێن"ئاماژەی بەوە کردووە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانە سیخوڕییەکان شەو و ڕۆژ چاودێری وردی هەموو جووڵەیەکی سەربازیی ناو خاکی ئێران و گەرووی هورمز دەکەن، تا هەر هەنگاوێکی تاران بۆ وەڵامدانەوە، دەستبەجێ بناسرێتەوە و بەرپەرچ بدرێتەوە.

لە کۆتاییدا، وەک لە شیکارییەکانی "پەیمانگای واشنتۆن"دا هاتووە، دیمەنەکە بەم شێوەیەیە: لە لایەکەوە فشارە سیاسییەکان و هاندانی خەڵک بۆ گۆڕانکاری لە ڕێگەی پلاتفۆرمی "تروز سۆشیال"ەوە، و لە لایەکی تریشەوە هێزێکی سەربازیی وێرانکەر لە بنکەکانی "العدید" لە قەتەر و "شازادە سوڵتان" لە سعودییە کە تەنها چاوەڕێی ئاماژەیەک دەکەن. ئێستا تاران لەبەردەم بژاردەیەکی یەکجار سەختدایە؛ یان دەبێت واز لە توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران بهێنێت، یان ئەوەتا ڕووبەڕووی ئەو هێزە ببێتەوە کە ساڵی ڕابردوو وێستگە ئەتۆمییەکانی هەژاند. پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە ئایا ئەمە دەبێتە کۆتا قۆناغی ململانێکان و ڕووخانی ڕژێمەکە؟

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP