دواین هەواڵ

جیهان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

درووزەکان شارۆچکەی مەزرەعەیان لە ڕۆژئاوای سوەیدا کردووەتە ئامانج

هەرێم نیوز

میدیای فەرمیی سووریا ڕایگەیاند، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە شێخ حیکمەت هەجەری، ڕێبەری ڕۆحیی درووزەکان، ڕێککەوتنی ئاگربەستیان پێشێل کردووە و هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەیەکی گوندەواری سوەیدا.

ئەمڕۆ هەینی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، ئاژانسی (سانا) و کەناڵی (ئیخباریە)ی سووری بڵاویان کردەوە، گرووپە چەکدارەکان شارۆچکەی "مەزرەعە"یان لە گوندەواری ڕۆژئاوای سوەیدا کردووەتە ئامانج. بەپێی هەواڵەکە، لە هێرشەکەدا گوللەهاوەن و چەکی ڕەشاشی قورس و مامناوەند بەکارهێنراون.

میدیا فەرمییەکانی حکوومەت، هێزەکانی "گاردی نیشتمانی" سەر بە شێخ حیکمەت هەجەرییان بە بەرپرسیاری هێرشەکە ناوبرد و وەک "گرووپی یاخیبوو" وەسفیان کردن کە پابەندی ڕێککەوتنەکان نەبوون.

پارێزگای سوەیدا لە باشووری سووریا کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی درووزن، لە دوای دەستپێکردنی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان دژی دیمەشق، پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەت ئاڵۆزییەکی زۆری بەخۆوە بینیوە. شێخ حیکمەت هەجەری کە یەکێکە لە دیارترین کەسایەتییە ئایینییەکانی درووز، پشتگیریی خۆی بۆ داواکارییەکانی خەڵک دەربڕیوە. تۆمەتبارکردنی لایەنگرانی ئەو بە پێشێلکردنی ئاگربەست، ئاماژەیە بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی پێکدادانی سەربازی لە باشووری وڵات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە سوپای سووریا لە باکوور (حەلەب) سەرقاڵی شەڕێکی قورسە و نایەوێت بەرەیەکی نوێی لە باشوور لێ بکرێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP