دواین هەواڵ

کوردستان‌

 16 کاتژمێر پێش ئێستا

ئاسایشی ناوخۆی حەلەب: دیمەشق نەخۆشخانە مەدەنییەکانی خستووەتە ناو نەخشەی بۆردومانەوە

هەرێم نیوز

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب هۆشدارییەکی توند دەدەن و ڕایدەگەیەنن، وەزارەتی بەرگریی حکوومەتی سووریا نەخشەیەکی نوێی بۆ هێرشکردنە سەر گەڕەکی شێخ مەقسوود بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا ناوەندە تەندروستی و مرۆییەکان وەک ئامانجی سەربازی نیشان دراون.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئاسایشی ناوخۆ، ئەو نەخشەیەی دیمەشق بڵاوی کردووەتەوە، "نەخۆشخانەی خالد فەجر"ی مەدەنی لەخۆدەگرێت، کە سەرەڕای مەدەنیبوونی، تەنها لە دوێنێوە چوار جار لەسەریەک بۆردومان کراوە.

ئاسایشی ناوخۆی حەلەب جەخت دەکاتەوە کە دیاریکردنی دامەزراوەیەکی پزیشکی لەسەر نەخشەی هێرشەکان بە ئاشکرا، "بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوەیە لەسەر هەبوونی مەبەستی تاوانکاریی پێشوەختە" و ئەم کارە بە "تاوانێکی جەنگی تەواو" و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان وەسف دەکەن.

بەپێی یاساکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و پەیماننامەی ژنێف، بە ئامانجگرتنی نەخۆشخانە و ناوەندە پزیشکییەکان لە کاتی جەنگدا قەدەغەیەکی ڕەهایە.

نەخۆشخانەی "خالد فەجر" کە تاقە ناوەندی تەندروستیی گەورەیە لە گەڕەکی شێخ مەقسوود و خزمەتگوزاری بە هەزاران مەدەنی دەگەیەنێت، بوونی لەناو "لیستی ئامانجەکان"ی سوپای سووریادا، ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ ئەوەی دیمەشق دەیەوێت سەرچاوەکانی ژیان لەناو گەڕەکە کوردنشینەکان پەک بخات بۆ ئەوەی دانیشتووانەکەی ناچار بە کۆچی بەکۆمەڵ بکات. ئەم پەرەسەندنە داوای دەستوەردانی بەپەلەی ڕێکخراوی مانگی سووری نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بۆ پاراستنی گیانی کارمەندانی تەندروستی و بریندارەکان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP