هەرێم نیوز
هێڵی ئاسمانیی تورکیا (Turkish Airlines) ئەمڕۆ هەینی 09-01-2026، بە فەرمی ڕایگەیاند کە سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی لە ئیستانبوڵەوە بۆ تاران، پایتەختی ئێران، هەڵوەشاندووەتەوە.
ئەم بڕیارەی تورکیا لە کاتێکدایە کە ماوەی 12 ڕۆژە ئێران دەستپێکی شەپۆلێکی فراوانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان بەخۆیەوە دەبینێت، کە بەهۆی خراپیی دۆخی ئابووریی وڵاتەکەوە سەری هەڵداوە.
لە لایەکی تریشەوە، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هێزە ئەمنییەکانی ئێران تۆمەتبار دەکەن بەوەی تەقەی ڕاستەوخۆیان لە خۆپیشاندەران کردووە و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر کوژراو و بریندار هەن.
هاوکات چاودێرانی تەکنەلۆژیا ئاماژە بەوە دەکەن کە حکومەتی ئێران لە زۆربەی ناوچەکان هێڵی ئینتەرنێتی پچڕاندووە.
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەی توندی داوەتە تاران و ڕایگەیاندووە: ئەگەر دەسەڵاتدارانی ئێران دەست بکەن بە کوشتنی خەڵک، واشنتۆن بە هێزێکی زۆر گەورە و "بە سەختی" لێیان دەدات.