هەرێم نیوز
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب ڕایانگەیاند کە سەرجەم ئەو هەواڵانەی باس لە بوونی هێوربوونەوە یان ئاگربەست لە شارەکەدا دەکەن، دوورن لە ڕاستییەوە و تەنیا بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی بڵاوکراونەتەوە.
ئاسایش جەختی کردەوە کە ئەم دەنگۆیانە بۆ داپۆشینی ئەو تاوانانەیە کە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق ئەنجامی دەدەن و دەیانەوێت پەرە بە هێرشە سەربازییەکانیان بدەن.
بەپێی بەیاننامەکە، هەموو هەوڵەکانی هێزەکانی ئاسایش بۆ گەیشتن بە هێوربوونەوە شکستیان هێناوە، چونکە لایەنی بەرامبەر سوورە لەسەر پەرەپێدانی شەڕ و ئامادەکاری بۆ هێرشێکی بەرفراوان دەکات.
لە ئێستادا تۆپبارانەکان بەردەوامن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە چڕی بەسەر گەڕەکە نیشتەجێبووەکاندا دەفڕن، کە ئەمەش مەترسییەکی گەورەی لەسەر ژیانی مەدەنییەکان دروست کردووە.
تا ئێستا هێزەکانی سەر بە دیمەشق چوار هێرشی یەکترییان بە تانک و زرێپۆش ئەنجامداوە، بەڵام هێزەکانی ئاسایش بە پاڵپشتی دانیشتووانی گەڕەکەکان توانیویانە بەرپەرچیان بدەنەوە.
دانیشتووانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە ڕایانگەیاندووە کە بە هیچ جۆرێک ئامادە نین ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و هەموو جۆرە کۆچپێکردنێکی زۆرەملێ ڕەت دەکەنەوە.
خەڵکی ناوچەکە جەخت دەکەنەوە کە ئیرادەی خۆڕاگرییان لە سیاسەتی تۆپباران و گەمارۆدان بەهێزترە و ڕێگە نادەن ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو لەسەریان دووبارە ببێتەوە.
هێزەکانی ئاسایش هۆشداری دەدەن کە سەپاندنی ئەم واقیعە سەربازییە نوێیە بێ کاردانەوە تێپەڕ نابێت و لایەنی هێرشبەر بەرپرسیارە لە هەر دەرەنجامێکی مەترسیدار کە ڕووبدات.