هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماری فەرمیی قوربانیانی بۆردومانەکەی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بڵاو دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، هێرشەکان بە تانک و درۆن ئەنجام دراون و ژن و منداڵ بوونەتە قوربانی.
ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی 1ی 2026، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە شەوی ڕابردووەوە هێرشێکی بەرفراوان کراوەتە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە و بەهۆیەوە 6 کەس کوژراون و 44 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، دۆخی مرۆیی لەو ناوچانە زۆر خراپە و لە 22ی مانگی ڕابردووەوە لەژێر گەمارۆیەکی تونددان، بە جۆرێک سووتەمەنی و دەرمان و ئاو و کارەبا بڕاوە و ژیانی 500 هەزار کەس لە مەترسیدایە، تەنیا یەک نەخۆشخانەش ماوە کە ئەویش لە لێواری داخستندایە.
ئیدارەی خۆسەر ئاماژەی بەوە داوە کە هێرشەکان لەلایەن چەند گرووپێکی سەر بە حکوومەتی کاتییەوە ئەنجام دەدرێن، لەوانە (فیرقەی 60، حەمزات، فیرقەی 72 و فیرقەی 80) کە لەلایەن کەسانی سزادراو و ئەفسەرانی پێشووەوە سەرپەرشتی دەکرێن.
لیستی ناوی کوژراوان:
فاتیمە حەمادە (41 ساڵ)
مەسعود فایق عەبدۆ (30 ساڵ)
خورشید عومەر (13 ساڵ)
شام دەلۆ (3 ساڵ)
حەسەن محەممەد حەسەن (42 ساڵ)
ژنێکی نەناسراو
ئاماری بریندارەکان: کۆی گشتی 44 بریندارن، کە لەنێویاندا منداڵی 2 ساڵان و بەساڵاچووی 85 ساڵان هەن.