هەرێم نیوز
لە چوارچێوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پارێزگای هەولێر تەواوبوونی کارەکانی قیڕکردنی سایدی یەکەمی ڕێگای (کۆڕێ - شەقڵاوە - قەندیل)ی ڕاگەیاند، کە بەشێکی گرنگی ڕێگای مێژوویی "هامڵتۆن"ە.
ئەم پڕۆژەیە کە بە گوژمەی 90 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت، درێژییەکەی 10 کیلۆمەترە و چەندین کاری ئەندازیاریی ئاڵۆز و ستراتیژی لەخۆ دەگرێت، گرنگترینیان:
• تەواوکردنی تونێلەکان: هەردوو تونێلی (ماوەران و میراوە) بە سەرکەوتوویی تەواو کراون.
• یەکتربڕەکان: دروستکردنی دوو یەکتربڕی مۆدێرن بە شێوەی ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاس.
• چارەسەری زانستی: یەکێک لە کارە هەرە گرنگەکان، بنبڕکردنی دیاردەی خزینی زەوی بووە لە ڕێگەی "ساید-سلۆپ"کردنەوە، کە تێیدا 450 هەزار مەتر سێجا بڕین و هەڵکەندن ئەنجام دراوە بۆ دابینکردنی سەلامەتیی شۆفێران.
تەواوبوونی سایدی یەکەمی ئەم ڕێگایە، هەنگاوێکی گەورەیە بۆ کاراسانی لە هاتووچۆی گەشتیاران و هاووڵاتییان و بەهێزکردنی ژێرخانی ڕێگاوبان لە هەرێمی کوردستان.