دواین هەواڵ

جیهان‌

 20 کاتژمێر پێش ئێستا

جلوبەرگەکەی مادورۆ بووە "ترێند"؛ گەڕان بەدوای "نایکی تێک" بەرز بووەتەوە

هەرێم نیوز

دوای بڵاوبوونەوەی وێنەکانی دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا بە جلوبەرگێکی وەرزشییەوە، سەرنجی جیهان لە سیاسەتەوە دەچێتە سەر جلوبەرگەکەی و گەڕان بەدوای مارکەی "نایکی" ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکات، هاوکات چارەنووسی سەرۆکە دەستگیرکراوەکە یەکلا بووەتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 4ی 1ی 2026، میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، دوای دەرکەوتنی نیکۆلاس مادورۆ لە کاتی دەستگیرکردنیدا بە جلوبەرگێکی وەرزشیی جۆری (Nike Tech Fleece)، ئامارەکانی گەڕان لە گووگڵ بۆ ئەم جۆرە جلوبەرگە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و بووەتە بابەتی گەرمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

جگە لە زیادبوونی گەڕان بەدوای نرخ و جۆرەکەیدا، ئەم بابەتە بووەتە مایەی تەنز و گاڵتەوگەپ، بەشێوەیەک یەکێک لە بەکارهێنەران وێنەی جلەکەی داناوە و نووسیویەتی: "جلوبەرگی وەرزشیی نایکی تێک، گونجاوە بۆ زیندانی فیدراڵی!"
مادورۆ کێیە و چی بەسەر هات؟

نیکۆلاس مادورۆ، تەمەن 63 ساڵ، لە دوای مردنی هوگۆ چاوێز لە ساڵی 2013 بووە سەرۆکی ڤەنزوێلا. لە سەردەمی دەسەڵاتەکەیدا وڵاتەکەی تووشی گەورەترین قەیرانی ئابووری و هەڵئاوسان بووەوە، هاوکات لەلایەن ئەمەریکاوە بە "تیرۆریستی ماددەی هۆشبەر" و سەرکوتکاری گەلەکەی ناسێندراوە.

شەوی ڕابردوو لەسەر فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، هێزێکی تایبەتی ئەمەریکا لە ئۆپەراسیۆنێکی نهێنیدا لە دڵی کاراکاسی پایتەخت دەستگیریان کرد. لە ئێستادا مادورۆ و هاوژینەکەی لەسەر کەشتییەکی سەربازین و بەرەو نیویۆرک دەگوازرێنەوە بۆ ئەوەی لە دادگەی فیدراڵی دادگایی بکرێن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP