هەرێم نیوز
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، دوای دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ لەلایەن ئەمەریکاوە، پەیامێکی توندی ئاراستەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کرد و ڕەخنەی بێدەنگبوونی لێ گرت.
ئۆزەل لە پەیامەکەیدا کە وێنەی ئەردۆغان و مادۆرۆی هاوپێچ کردبوو، ڕایگەیاند: "خۆ تۆ دەتوت دوای کودەتاکەی ١٥ی تەممووز، مادۆرۆ یەکەم کەس بوو پەیوەندی پێوە کردیت، هەمیشە پێت دەوت براکەم سەربڵندبە و ئێمە لەگەڵتین، کەچی ئێستا کە لێی قەوما بێدەنگیت."
سەرۆکی جەهەپە هێمای بۆ ئەوەش کرد کە دۆناڵد ترەمپ یاسا نێودەوڵەتییەکانی شکاندووە و مادۆرۆ و هاوسەرەکەی لە ژووری نوستنەکەیان قۆڵبەست کردووە، بەڵام ئەردۆغان لە ترسی ترەمپ هیچ هەڵوێستێکی نەبووە. ئۆزەل وتی: "کاتێک دەبوو بەرگری لە دیموکراسی بکەیت بەرگریت لە مادۆرۆ دەکرد، ئێستا کە دەبێت بەرگری لە سیستمی جیهانی بکەیت، بە بێدەنگی پشتگیری لە کودەتاکەی ترەمپ دەکەیت چونکە لێی دەترسیت."
لە کۆتاییدا ئۆزەل بە گاڵتەجاڕییەوە لە ئەردۆغانی پرسی: "ئایا ئەمە دیموکراسی و برایەتییە لای تۆ؟"
پەیوەندیی نێوان ئەردۆغان و مادۆرۆ لە ساڵانی ڕابردوودا زۆر بەهێز بوو، تورکیا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی یارمەتی ڤەنزوێلای دەدا بۆ دەربازبوون لە سزاکانی ئەمەریکا.
ئێستا دەستگیرکردنی مادۆرۆ لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە، ئەردۆغانی خستووەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت؛ پاراستنی هاوپەیمانە کۆنەکەی یان پاراستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن. ئۆپۆزسیۆنی تورکیا ئەم هەلە دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی ئەردۆغان وەک سەرکردەیەکی "بێدەنگ" بەرانبەر فشارەکانی ئەمەریکا نیشان بدات.