دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

لە سولەیمانییەوە بۆ مادۆرۆ؛ ڕێکەوتێکی مێژوویی کە ترەمپ بۆ نەیارەکانی هەڵیبژاردووە

هەرێم نیوز

ڕووداوەکانی ٣ی ١ لە مێژووی بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپدا وەک وەرچەرخانێکی گەورە دەردەکەون، کە تێیدا دوو نەیاری سەرسەختی ئەمەریکای کردووەتە ئامانج.

ئەمڕۆ شەممە ٣ی ١ی ٢٠٢٦، ترەمپ دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆی سەرۆکی ڤەنزوێلای ڕاگەیاند، کە ساڵانێکی زۆر بوو وەک نەیارێکی سەرەکی واشنتن لە ئەمریکای لاتین ململانێی دەکرد.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ٦ ساڵ بەر لە ئێستا و لە هەمان ڕێکەوتدا، واتە لە ٣ی ١ی ٢٠٢٠، ترەمپ کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا ڕاگەیاند، کە بە بەهێزترین سەرکردەی سەربازیی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرا.

چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن، دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنە گەورانە لە یەک ڕێکەوتدا، پەیامێکی سیاسیی توندی ترەمپە بۆ نەیارەکانی ئەمەریکا لە جیهاندا.

دۆناڵد ترەمپ لە ماوەی سەرۆکایەتی خۆیدا، هەمیشە جەختی لەسەر بەکارهێنانی هێز و گوشاری زۆر بۆ سەر ئەو وڵاتانە کردووەتەوە کە بە مەترسییان دەبینێت بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا. ئۆپەراسیۆنی کوشتنی سولەیمانی و دەستگیرکردنی مادورۆ، دوو لە دیارترین ئەو هەنگاوانەن کە نەخشەی سیاسیی ناوچەکە و جیهانیان گۆڕیوە و کاردانەوەی نێودەوڵەتیی گەورەیان لێکەوتووەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP