دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

زێلێنسکی: 90٪ی ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ڕووسیا ئامادەیە

هەرێم نیوز

 

سەرۆکی ئۆکرانیا لە وتاری سەری ساڵدا رایگەیاند کە رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ رووسیا "90٪ی ئامادەیە". ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە تەنها 10٪ی ڕێککەوتنەکە ماوە، بەڵام هەر ئەم بەشە کەمەیە کە چارەنووسی ئۆکرانیا و ئەوروپا دیاری دەکات.

زێلێنسکی جەختی کردەوە کە ئۆکرانیا ئاشتی "بە هەر نرخێک" ناوێت و رایگەیاند: "ئێمە کۆتایی شەڕمان دەوێت، نەک کۆتایی ئۆکرانیا." ئەو رەتیکردەوە دەستبەرداری ناوچەی "دۆنباس" ببێت، کە رووسیا سوورە لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی ئەو ناوچە پیشەسازییە. لە ئێستادا ڕووسیا 75٪ی دۆنێتسک و ٩٪ی لۆهانسک (دۆنباس)ی لەژێر دەستدایە و ئەمەش گەورەترین بەربەستی بەردەم دانوستانەکانە.

لە بەرامبەردا، ڤلادیمێر پوتین لە وتاری سەری ساڵدا تەنها باسی لە "سەرکەوتن" کرد و سوپای رووسیاش ئۆکرانیای تۆمەتبار کرد بەوەی لە رێگەی درۆنەوە هەوڵی داوە هێرش بکاتە سەر شوێنی تایبەتی پوتین لە دەریاچەی "ڤاڵدای". کرملین هۆشداری دا کە ئەم جۆرە هێرشانە دەبێتە هۆی پێداچوونەوە بە هەڵوێستی رووسیا بۆ ئاشتی. کایا کالاس، دیپلۆماتی باڵای یەکێتی ئەوروپا ئەم تۆمەتانەی رووسیای بە "هەوڵێکی ئەنقەست" ناوبرد بۆ تێکدانی پڕۆسەی ئاشتی.

لەلایەکی دیکەوە، پشتگیرییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئۆکرانیا بەردەوامن. دوای کۆبوونەوەی زێلێنسکی و دۆناڵد ترەمپ لە فلۆریدا، باس لەوە دەکرێت واشنتۆن گرەنتی ئەمنی 15 ساڵە دەداتە کیێڤ. هەروەها بڕیارە لە 6 کانوونی دووەمدا، ئیمانوێل ماکرۆن و هاوپەیمانە ئەوروپییەکان لە پاریس کۆببنەوە بۆ چەسپاندنی پابەندییەکانیان بەرامبەر پاراستنی ئۆکرانیا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP