دواین هەواڵ

جیهان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

ئیسرائیل پلانی جەنگ لە گەرمەی خۆپیشاندانەکاندا بەرامبەر بە ئێران دادەڕێژێت

هەرێم نیوز

سوپای ئیسرائیل لە ناوەڕاستی پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی ئێراندا، خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی کتوپڕ لەگەڵ تاران ئامادە دەکات.

هاوکات بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کە لە ئەمریکایە، لە میامی چەندین کۆبوونەوەی راوێژکاریی دەربارەی دۆخی ناوخۆی ئێران ئەنجام داوە.

کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، نووسینگەی نەتانیاهۆ لە ترسی هاندانی تاران بۆ ئەنجامدانی هێرشی تۆڵەسەندنەوە، خۆی لە هەر لێدوانێکی فەرمی دەربارەی خۆپێشاندانەکان دەپارێزێت.

بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل رایگەیاند: "ئێمە چاودێری رووداوێکی ناوخۆیی دراماتیک دەکەین لە ئێران، بەڵام هێشتا زووە بۆ زانینی دەرئەنجامەکانی."

بەپێی ڕاپۆرتەکە، سوپای ئیسرائیل ئامادەکارییەکانی بۆ جەنگێکی چاوەڕواننەکراو لە سێ بەرەی سەرەکیدا (ئێران، لوبنان و کەرتی ڕۆژئاوا) خێراتر کردووە.

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانێکی ستراتیژی نوێدایە تا ساڵی 2030 کە لەلایەن "ئەیال زەمیر"، سەرۆکی ئەرکانی سوپاوە سەرپەرشتی دەکرێت و تێیدا ئێران لە سەرووی لیستی ئەولەویەتەکاندایە.

ئەم پلانە نوێیەی ئیسرائیل پاش دوو ساڵ لە شەڕی غەززە و هێرشەکانی سەر لوبنان دادەڕێژرێت. ئیسرائیل پێیوایە ئەگەر گوشارەکانی سەر رژێمی ئێران بەهۆی خۆپێشاندانەکانەوە زیاد بکات، ئەگەری هەیە تاران بۆ راکردن لە داڕمانی ناوخۆیی، هێرشێکی کتوپڕ بکاتە سەر ئیسرائیل.

تەوەرێکی سەرەکی ئەم پلانە سەربازییە، فراوانکردنی چالاکییەکانی سوپای ئیسرائیلە لە "بۆشایی ئاسمان"دا. ئیسرائیل بۆشایی ئاسمان وەک رەهەندێکی یەکلاکەرەوە بۆ بەرگری و هێرش و کۆکردنەوەی زانیاری دەبینێت، کە تێیدا توانای هێرشکردنە سەر مانگە دەستکردەکان و ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئامانجەکانی سەر زەوی پەرەپێدەدرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP